دوای سێ ساڵ نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەی پێشمەرگە دەكرێت


میدیازان-كوردستان ئەحمەد-هەولێر 

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند بۆ یەكەمجار لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە، رۆژانە سێ نەشتەرگەری بۆ چوار جۆر نەخۆشی جیاواز دەكرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا باس لەوەدەكات دوای كردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكەیان ، ئێستا دەتوانن رۆژانە سێ نەشتەرگەری بۆ چوار جۆری جیاوازی نەخۆشی هەناوی و شكان و دەمار و نەشتەرگەری گشتی بكەن.

وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەمرۆ تەنیا سێ نەشتەرگەری بۆ چەند پێشمەرگەیەكی نەخۆش كراوە و لە ئایندەشدا پلانیان هەیە بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە نەخۆشانەی كە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، بە بێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەك لە پێشمەرگەكە. 

دكتۆر رەزا ئیسماعیل لەنەخۆشخانەی پێشمەرگە بەماڵپەڕی وەزارەتی پێشمەرگەی وتووە :’نەشتەرگەرییەكان لە لایەن پزیشكەكانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەوە ئەنجامدراون و تەنیا چەند پزیشكێك وەك یارمەتیدەر لە وەزارەتی تەندروستی بۆ چاودێری دۆخەكە لەگەڵمانبوون’.

هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە بە هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان و راوێژكارانی سەربازی حكومەتی ئەڵمانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كراوەتەوە، نەخۆشخانەكەش لەلایەن ئەڵمانیاوە  ماوەی سێ ساڵ خزمەتگوزاری تەندروستی بە پێشمەرگە و كەسوكارییان پێشكەشدەكات.