دوو مانگی ماوە بۆ نەورۆز و خەیات دەستناکەوێ

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

ئەگەر تا ئێستا جلوبەرگی کوردیت بۆ نەورۆز نەدووریوە پەلەی لێبکە، چونکە بەرگدرووەکان دەڵێن لەمەودوا ناتوانن جلی تر وەربگرن و بۆیان تەواو ناکرێت.

بەهۆی ئەوەی لە مانگی ئازاردا کەشوهەوا خۆش دەبێت و پشووی نەورۆزیشی تێدایە، هاوڵاتیان پێشتر ئامادەکاری بۆ دوورینی جلوبەرگی کوردی دەکەن.

بە وتەی پەخشان عەبدوڵڵا، کە سەردانی بەرگدروویەکی کردبوو بە مەبەستی دوورینی جلەکانی، لە بۆنەکاندا جلوبەرگی کوردی لەبەردەکات.

بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی 964، ئەمساڵ دوورینی جلوبەرگی کوردی لە چاو ساڵانی تر کەمترە.

بیشوان عوسمان، بەرگدرووی جلوبەرگی کوردی خانمانە لە شاری سلێمانی، بە تۆڕی 964ـی وت، 20 رۆژە سەرمان قاڵە و خەڵک جلوبەرگی کوردی بۆ خۆشبوونی وەرز ئامادە دەکات.

“هاوڵاتی هەیە کە نەورۆز نزیک دەبێتەوە یان سەرەتای مانگی ئازار دێت بۆ دوورینی جلوبەرگ، بەڵام ئەوکاتانە دەرفەت کەم دەبێتەوە”، ئەو بەرگدرووە وای وت.

پیاوان و ژنان بێ جیاوازی لەم وەرزەدا جلوبەرگی کوردی دەدروون.

بەختیار کەریم بەرگدرووی جلوبەرگی کوردی پیاوانە لەناو بازاڕی سلێمانی، ئەو بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، پیاوان ماوەی ھەفتەیەکە قوماشیان بۆ دەبەن، بەڵام ھاوشێوەی خانمان نین و کەمتر سەردان دەکەن.

ئەویش هەمان قسەی بیشوانی هەبوو و وتی، “15 رۆژی دیکە ئەو لۆدە زۆرە لەسەر بەرگدرووەکان دروست دەبێت و خەڵک ھەموی بەیەکەوە قوماش دێنێت”.

“جلوبەرگەکان بە زۆری لە وڵاتانی هیندستان و ئیمارات دێن و بەشێکیشی لە وڵاتی چینەوە، بەڵام بەهۆی بەزرونزمیی دۆلار ئەمساڵ نرخەکانیان کەمێک گرانتر بووە”، هەردی رەسوڵ، یەکێک لە کوتاڵفرۆشەکانی سلێمانی وای بە تۆڕی 964 وت.