بە زەحمەت شوێن دەستدەکەوێت

شەو شەوى هۆتێل و مۆتێلەکانى هەولێرە و پڕبوون

964+

وریا فەتاح

شەو شەوى هۆتێل و مۆتێلەکانى هەولێرە، شوێن نەماوە یان بە زەحمەت دەست دەکەوێت، کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکانیش دەڵێت، پشوو و گەشتیارى زۆرى لە بەغداوە هێناوە بۆ هەولێر.

شکور عەزیز، جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکانى هەرێمى کوردستان بە 964ـى وت،”ژمارەیەک لە میوانان و گەشتیاران پەیوەندیان پێوەکردوین کە شوێنى مانەوەیان دەستنەکەوتووە و بۆ هەر شوێنیک چووە پڕ بووە”.

دەشڵێت: بۆ ئەمشەو سەروو 90%ـى هۆتێل و مۆتێلەکان پڕ بوون، جێگا نەماوە یان بە زەحمەت دەست دەکەوێت.

وەک باسى دەکات، ئەو هۆتێلانەى پەیوەندیان لەگەڵ گروپاتى گەشتیارى هەیە سەرجەمیان پڕبوون و شوێنیان نەماوە، ئەو هۆتێلانەشى کە میوانیان تاک تاکە یان پڕبوون یان تاک تاک جێگایان ماوە.

بە وتەى شکور عەزیز، پشوو و گەرما بەشێکى زۆرى گەشتیارانى لە بەغدا و ناوچەکانى عێراقەوە بەرەو ناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان و هەولێر هێناوە، زۆربەى گەشتیارەکانیش هى ناوەڕاست و خوارووى عێراقن.

لەبارەى زیارەتکارانى ئێرانى و کاریگەریان لەسەر پڕبوونى هۆتێلەکان، جێگرى سەرۆکى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکانى هەرێمى کوردستان وتى،”ئەوان کاریگەریان نییە، چونکە کە لەدەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە داخل دەبن بە هەولێردا تێدەپەڕن و شوێنى مانەوەیان شارەکانى عێراق دەبێت نەک هەولێر”.

بەپێى ئامارەکانى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکانى هەرێمى کوردستان، 484 هۆتێل و مۆتێل و 47 گوندى گەشتیارى و سەدان کەپرى گەشتیارى هاوینە کەوتوونەتە سنوورى پارێزگاى هەولێر.

لە دهۆک زیاتر لە 80 هۆتێل و مۆتێل داخراون

لە دهۆک زیاتر لە 80 هۆتێل و مۆتێل داخراون