هەشت راسپاردەیان هەیە

لیژنەی ئارامی سلێمانی: ماڵی دەوڵەت بۆ بانگەشە بەکارنەهێنرێت

964+
ئەحمەد مستەفا

لیژنەی ئارامی سلێمانی بڕیاری دا، “هیچ کەلوپەلێکی ماڵی و دارایی دەوڵەت بۆ بانگەشە بەکارنەهێنرێ”، پابەندی کاندید و حزبەکانیش دەکات، لە پێش و پاش بانگەشە پابەندی رێنماییەکانی شارەوانی سلێمانی بن کە بە هاوبەشی کۆمسیۆن بڵاوی دەکاتەوە.

راسپاردەکان هەشت خاڵن، بڕیاریشیان داوە، “لەو ناوچانەی ئەزمەی هاتوچۆ دروستدەبێ”، هاتوچۆی شارەکە رێگە بە بانگەشە و گردبونەوەی جەماوەری نەدات.

پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.8.2024، پێشنیار و راسپاردەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، لە خاڵێکی دیکەی نوسراوەکەدا نوسراوە، “لەناو هیچ فەرمانگەیەکدا بانگەشە ناکرێ و هیچ فەرمانبەرێک مافی بانگەشە کردنی نییە”.

لیژنەی ئارامی راسپاردەکانی پەسەند کردووە و دوای جێبەجێ کردنی دەکات، ئەوە لە کاتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، یەک ملیۆن و هەشت هەزار و 412 دەنگدەری گشتی مافی دەنگدانیان هەیە، بەسەر 477 بنکەی دەنگدان دابەشکراون، هەروەک 76 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت هەن و بەسەر 57 بنکەی دەنگدان دابەشکراون.

تا رۆژی 19.10.2024، کارتی بایۆمەتری بە دەنگدەران دەدرێتەوە بەبێ تۆمارکردنی ناوی نوێ، کە لایەنەکان بەو دەنگانە لە پارێزگاکەدا بەگشتی کێبڕکێ لەسەر 38 کورسی گشتی و یەک کورسی تورکمان و یەک کورسی مەسیحی دەکەن.

نوسراوی پێشنیار و راسپاردەکانی لیژنەی ئارامی سلێمانی:

+964صورة من منصة (شبكة):
+964صورة من منصة (شبكة):