لە بارەی یاسای باری كەسی

بە توندی وەڵامی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق درایەوە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند، هەست بە نیگەرانی دەكەن بەرامبەر بە پڕۆژەی هەمواری یاسای باری كەسی لە عێراق، لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێك بە توندی وەڵامی رۆمانۆوسكی دایەوە.

باڵیۆزی ئەمریكا لە تۆڕی ئێكس لە بارەی ئەم بابەتە پۆستی كردووە و پێی وایە هەمواری یاساكە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مافەكانی ژن و منداڵ.
رۆمانۆوسكی دەڵێت، “هانی عێراقییەكان دەدەین گفتوگۆی مەدەنی بكەن و بە تەواوی رێز لە ئازادی ئایینی و بیروباوەڕۆ و مافەكانی ژنان و منداڵان بگرن”.

لە بەرامبەر قسەكانی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراقدا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رائید مالیكی، كە خاوەنی پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسییە، وەڵامی باڵیۆزی ئەمریكای لە بەغدا دایەوە و هەر لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، دەستووری عێراق لە بارەی پابەندبوون بە یاسای باری كەسی، ئازادی بە عێراقییەكان داوە بەپێی بیروڕا و بژارەكانیان، كە لەگەڵ دەستوور دەگونجێت.
هەروەها بە رۆمانۆوسكی دەڵێت، ئەو منداڵانەی دەتانەوێت مافەكانیان بپارێزن، لە غەزە دەیانكوژن و لە وڵاتەكەی خۆشتان پاكییان لە ناودەبن بە یاسای هاوڕەگەزخوازی و گۆڕینی رەگەز و لەباربردنی منداڵ.

پێشنیاری هەمواری یاسای باری كەسی لە عێراق، هەر تەنیا ئەمریكای نیگەران نەكردووە، بەڵكو بەشێكی زۆری عێراقییەكان و تەنانەت پەرلەمنتارانیشی هێناوەتەدەنگ، لە دوو رۆژی رابردووشدا لە هەولێر و بەغدا رێكخراوەكانی بەرگری لە مافەكانی ژنان و منداڵان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربرێ.

ژنانی كوردستان دژی هەمواری یاسای باری كەسیین لە عێراق

ژنانی كوردستان دژی هەمواری یاسای باری كەسیین لە عێراق