رێوڕەسمی ماڵئاوایی
ئەمڕۆ “كاپتن فەیزۆ” بۆ دواجار سەردانی یاریگەی فرانسۆ هەریری دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە ئەمڕۆ تەرمی فەیزوڵا عوسمان یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر بگاتەوە زێدی خۆی و بۆ دواجاریش سەردانی یاریگەی فرانسۆ هەریری بكات.
جێماو كاڕەش ئەندامی دەستەی كارگێڕیی كاتیی یانەی هەولێر، بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمی فەیزوڵا عوسمان ناسراو بە “كاپتن فەیزۆ” لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێندرێتەوە هەولێر و لە فڕۆكەخانە پێشوازی دەكرێت، دواتر دەهێندرێتە یاریگەی فرانسۆ هەریری و رێوڕەسمی ماڵئاوایی یەكجارەكی بۆ دەكرێت، دواتریش بە خاك دەسپێردرێت.
وتیشی، گەڕاندنەوەی تەرمی كاپتن فەیزۆ لەسەر ئەركی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە”.
فەیزوڵا عوسمان سەرلەبەیانی دوێنی سێشەممە بە نەخۆشی لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، كە ماوەی 28 ساڵە لە ئەوروپا دەژیا.
ئەو، كە كوڕی ژنەشەهیدی راپەڕین “خەجەباوە”یە، لە ناوەندی وەرزشی كوردستان بە فەیزۆ ناسرا بوو، یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر بوو، هەروەها لە كاروانی وەرزشیی خۆیدا بۆ یانەکانی برایەتی، ئاسۆ و یانەی مەهاباد، هەروەها بۆ یانەیەکی پلە چواری ئەڵمانیاش یاریی کردووە و بە یەكێك لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێی كوردستان دادەنرێت، دوێنێ سەرلەبەیانی دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە و كێشە لە گورچیلەكانی، لە تەمەنی (55) ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا گیانی لە دەست دا.