زەڕایەن - دەربەندیخان
تەنکەرێک رۆنى رەشى لێڕژا و دوو رووداوى هاتوچۆى لێکەوتەوە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
تەنکەرێک لە رێگەى زەڕایەن بۆ دەربەندیخان رۆنى رەشى لێڕژاو بووە هۆى دروستبوونى دوو رووداوى هاتوچۆ.
موقەدەم پشتیوان عابد،وتەبێژى هاتوچۆى دەربەندیخان بە 964ـى وت،”تەنکەرێک لە رێگاى زەڕایەن بۆ دەربەندیخان لە نزیک گوندى بیرکێ رۆنى رەشى لێڕژاوە و بووەتە هۆى دروستبوونى دوو رووداوى هاتوچۆ”.
وەک باسى دەکات، تەنکەرەکە دەستى بەسەرداگیراوە.
لەبارەى رووداوەکانیشەوە، پشتیوان عابد باسى لەوەکرد، بەهۆى رژانى رۆنەکەوە دوو ئۆتۆمبێل خزاون و بەیەکیانداداوە و رووداوەکەى دیکەش لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل روویداوە.
ئاشکراشى کرد، جگە لە زیانى مادى، کە بەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
لاى خۆیەوە، جاسم عەلیخان، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى دەربەندیخان بە 964ـى وت،”تەنکەرەکە بەهۆى ئەوەى زیاد لە قەبارەى خۆى رۆنى رەشى تێکردبوو، لێى رژاوە”.
جەختیشى کردەوە، رێکارى یاسایى بەرامبەر شۆفێرى بارهەڵگرەکە گیراوەتەبەر و دراوە بە دادگا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح