گرفتی جۆراوجۆریان هەبوو
روخسار و خزمەتگوزاری سێ قوتابخانەی شارەزوور نوێ کرانەوە
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
“ئەوەی بینیمان، بەشێکی زۆر لە دیوارەکانیان درز و شکاوی تێدا هەبوو، کورسی و بۆرد و دەرگا و پەنجەرەی شکابوو چاک نەکرابوونەوە، کێشەی بچڕانی کارەبا و ئاوەڕۆیان هەبوو چارەسەرمان کردن”، ئەوە قسەی نوێنەری کۆمپانیای ئانزۆیە کە چوونەتە قەزای شارەزوور.
کۆمپانیاکە کە وەک هەوڵێک بۆ پشتیوانی لە کەرتی پەروەردە تائێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 165 قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە ئەمڕۆ پاش دوو مانگ، کۆتایی بەکارەکانی نۆژەنکردنەوەی سێ قوتابخانە لە شارەزوور هێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.8.2024، نەبیل حەمەساڵح، بەڕێوبەری پەروەردەی شارەزوور بە 964ی وت، “لەسەر داوای پەروەردەی شارەزوور کۆمپانیای ئانزۆ لە شاری سلێمانیەوە هاتونەتە قەزای شارەزوور و سێ قوتابخانەیان لەسنوری بەڕێوبەرایەتیمان نۆژەن کردووەتەوە، ئەوانیش قوتابخانەکانی بێساران و سەردەم و سرودن”.
پەروەردەی سارەزوور، ئەمڕۆ قوتابخانەکانیان لە کۆمپانیاکە وەرگرتووەتەوە، لە قوتابخانەی سرود 700 قوتابی، سەردەم 1000قوتابی و لە بێساران نزیکەی 600 قوتابی لە نۆژەنکردنەوەکە سوودمەند بوون، ئەوە لە کاتێکدا لە سنوری قەزای شارەزوور سێ قوتابخانەی نوێ کارکردن تێیدا راگیراوە، دوانیان بەڕێژەی %60 و %70ی کارەکانیان تەواوبوە و دانەیەکیان بە رێژەی %96ی کارەکانی تەواو کراوە.
“لەگەڵ وەزریری پەروەردە و لقی بانکی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەی ئەو قەرزەی بەڵێندەرەکە لای حکومەتە پێی بدرێتەوە و بتوانین لە ئەمساڵدا ئەو قوتابخانەی %96ی کارەکانی تەواوبووە بکەینەوە”، نەبیل حەمەساڵح وای وت.
محەمەد عەبدوڵا، ئەندازیار و نوێنەر لە کۆمپانیای ئانزۆ بۆ 964 ئاشکرای کرد، “زیاتر لە 160 قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروربەری، دوای دوو مانگیش توانیویانە ئەو سێ قوتابخانەیە لە قەزای شارەزوور نۆژەن بکەنەوە”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا