داوای گازیشیان کردووە
زانکۆی سەڵاحەدین دەستی بە ئامادەکردنی بەشەناوخۆییەکان کرد
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، وەخۆ کەوتوون و ئامادەکاری دەکەن بۆ هاتنی ساڵی نوێی خوێندن، بۆ ئەوەش دەستیان بە چاککردن و پێداچوونەوە بە کەموکوڕییەکانی ناو بەشەناوخۆییەکان دەستپێکرد.
تائێستا نازانرێت توانای ئەمساڵیان چەندە بۆ لە خۆگرتنی خوێندکار، ئەوانیش چاوەڕێی رێژەی وەرگرتن و توانای خۆیان دەکەن.
د. فەرهاد عەلی، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری خوێندکاران بە 964ی وت، “فلتەری سەرجەم مۆلیدەکان گۆڕاون و تەواوی تانکی ئاوەکان خاوێنکراونەتەوە و شۆراون، هەماهەنگی لەگەڵ بەشی دابەشکردنی کارەبا کراوە، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هیچ گرفتێکی کارەبای نیشتیمانیمان نەبێت”.
زانکۆکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییاکانیدا لە رێگەی وەزارەتەکەیەوە، “داوایان لە وەزارەتی دارایی کردووە، بۆ ماوەی یەک ساڵ گازیان بۆ دابین بکەن”.
زانکۆی سەڵاحەدین خاوەنی دوو بەشەناوخۆیی سەرەکییە، بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت، شوێنی هەزار 700 خوێندکارە و بەشەناخۆیی 18ی شوباتی کچان شوێنی هەزار 500 خوێندکارە.
لەگەڵ ئەوەش شەش باڵەخانەی دیکەی هەیە، کە شوێنی 700 خوێندکار لە خۆدەگرێت.
یاردەدەرەکەی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئەوەشی وت، “لە سەرەتای مانگی نۆی ئەمساڵ، خوێندکاران دەتوانن فۆرمی بەشەناخۆییەکان وەربگرن، بەڵام تاوەکو قۆناغی یەکەمەکان وەرنەگیرێن نازانین بەدروستی چەند خوێندکار وەردەگرین”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا