شاندێك لە بەغداوە هاتوون

وردبینی لە داهات و خەرجیی هەرێمی كوردستان دەكرێت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرن و وردبینی لە داهات و خەرجیی هەرێمی كوردستان دەكەن.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 19.8.2024 بڵاویكردەوە، شاندێكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرن و بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێكی چاودێریی دارایی كوردستان، وردبینی لە خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2024.

سەرچاوەكە دەڵێت، ئەم كارە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی گشتیی عێراقە، کە پێویستە هەر سێ مانگ جارێک تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی وردبینی لە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هاوكات بە پێی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزیری دارایی كوردستان ئاوات جەناب لەگەڵ شاندی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا كۆبوونەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە “لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی چاودێری دارایی هەبووە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە هونەری و تەکنیکییەکانی تایبەت بە خەرجی و داهات و لیستی موچە و میلاکات.

وەزیری دارایی لەم بارەیەوە وتویەتی، “بەردەوام دەرگای وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانمان بە روویاندا کراوە بووە”.
كۆبوونەوەكە لە كاتێكدا، ئەمڕۆ 19.8.2024ـە، بەڵام هێشتا موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە.

شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات

شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات