داواکاری دوو وەزارەت بووە

زانکۆی سلێمانی بەشێکی نوێ دەکاتەوە و وتەبێژ بە تایبەت ناوی دەبات

964+
ئەحمەد مستەفا

هەنگاوی کرداری کردنەوەی بەشەکە بۆ ئەوەیە، بە پلانێک وانەیەکیش بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە قوتانخانەکان زیاد بکرێ، تا لە رێگەی دەرچووانی ئەو بەشەوە رێنمایی پەروەردەیی دەروونی پێشکەش بە قوتابیانی بنەڕەتی بکرێ.

بەشە نوێیەکەی ئەو زانکۆیە ناوی، “رێنمایی پەروەردەیی دەروونی” دەبێت.

هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە پێکەوە کاریان لەسەر کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە 19.8.2024، دکتۆر یوهان عوسمان، وتەبێژی زانکۆی سلێمانی بە 964ی وت، “بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 بەشەکە دەکرێتەوە و خوێندکارانی دەرچووی 12ی ئامادەیی لە زانکۆلاینەوە دەتوانن داوا پێشکەش بکەن”.

تائێستا دیاریکراو نییە، بەشەکە کۆنمرەی چەند وەردەگرێ، بەڵام وتەبێژی زانکۆی سلێمانی وتی، “بەشەکە تارادەیەکی زۆر تایبەتە، کێبڕکێ رۆڵی دەبینێت و ئاستی داواکاری بۆ خوێندن لە بەشەکە”، بڕیارە رۆژی 2.9.2024 سیمپۆزیۆمێک لە بارەی ئامانج و وردەکاری بەشەکە و بابەتەکانی لە زانکۆکەدا بەڕێوەبچێت و باسبکرێن.

ئەو بەشە، سەر بە کۆلێژی پەروەردە دەبێت، کە کۆلێژەکە لە ساڵی 1976 وە بوونی هەیە، سیستەمی خوێندنی ساڵانە نابێت و بۆڵۆنیا سیستم دەبێت، هەروەک زمانی سەرەکی خوێندن تێیدا ئینگلیزییە.

دەرچووانی ئەم بەشە هەلی کاریان دەبێت لە کەرتی حکومی (وەک وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی داد) هەروەها کەرتی تایبەت بە تایبەت ناوەندە پەروەردەییە ئەهلییەکان، ناوەندەکانی تایبەت بە پەروەردەی تایبەت و خاوەن پێداویستی تایبەت، هەروەها رێکخراوە نێودەوڵتی و ناوخۆییەکانی بواری NGO , وە رێکخراوە جیهانیەکانی وەکو (UNESCO, UNICEF, WHO).

ئاڵوگۆڕ لە چەند پۆستێکی زانکۆی سلێمانی کرا

ئاڵوگۆڕ لە چەند پۆستێکی زانکۆی سلێمانی کرا