"هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە"
وەزارەتی تەندروستی چوار رێکار لەبەرامبەر ئاوڵەی مەیموون جێبەجێ دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی تەندروستی چوار رێکار لە بەرامبەر ئاوڵەی مەیموون دەگرێتەبەر، لە بەرچاوترین هەنگاودا لیژنەی باڵای یەک تەندروستی، کە هاوبەش دەبێت لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و کشتوکاڵ دانرا.
تائێستا، هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی ئاوڵەکە بە قسەی وەزارەتەکە بێت تۆمار نەکراوە.
بە ئامادەیی وەزیر، وەزارەتی تەندروستی بە بەشداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری تەندروستی، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆپارێزی و تەندروستی و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لەسەر ئەگەری فراوانی ڤایرۆسەکە کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوێکدا لە ئەکاونتی خۆی، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، “دوای تاوتوێکردن و شیکردنەوەی ئەم نەخۆشییە، چەندین خاڵی گرنگ گفتوگۆ کرا و بڕیاردرا کە بەیانی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاری لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی رابگەیەنرێت”.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەم بڕیارانەی دیکەش دراون؛
– بڕیاردرا لیژنەی باڵای یەک تەندروستی (One Health) کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ دابنرێت.
– پەیامەکانی تەندروستی بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران دابنرێت بۆ هۆشیاری تەندروستی و هەڵمەتی راگەیاندن و رۆشنبیری تەندروستی.
– ئامادەکاری دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەنجام دەدرێت وە لایەنە پەیوەندارەکان لەم رێکارانە ئاگار دەکرێنەوە.
تائێستا بە نزیکەی لە 25 وڵاتی جیهان ئاوڵەی مەیمون تۆمارکراوە و دەزگا تەندروستییەکانیش رێنمایی خۆپارێزی بڵاودەکەوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، “هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو نییە و بە وردی چاودێری دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەین وە تەواوی ئامادەباشی و ئامادەکاری دەکەین وە لە هەر حاڵەتێکیشدا رای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە”.