دەنگۆ هەبوو

كەركوك رەتیكردەوە تووشبووی ئاوڵەی مەیمونی هەبێت

+964
ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، كە باس لە تۆماركردنی حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون لە شارەكە دەكەن.
فەرمانگەكە ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیاندراوێكدا، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەبنەوە، راست نین، كە گوایە تووشبوویەكی پەتای ئاوڵەی مەیمون لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاریی كەركوك تۆمار كراوە.

هەروەها دەڵێن، كەركوك دوورە لەو پەتایە و هیچ تووشبوویەكی تێدا نییە.

لە دوو رۆژی رابردوودا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادەكاری و گرتنەبەری خۆپارێزی لە سنوور و فڕۆكەخانەكان بۆ رێگەگرتن لە گەیشتنی پەتای ئاوڵەی مەیمون دەستیپێكردووە، ئەمە جگە لەوەی رێنمایی و رێوشوێنەكان راگەیاندراون و بە لایەنە بەرپرسەكانیش گەیەندراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە توركیا یەك حاڵەت تۆمار كرا و لە پاكسانیش سێ تووشبوو تۆمار كران، كە لە ئیماراتەوە گەڕابوونەوە وڵاتەكە.

نه‌خۆشی ئاوڵەی مەیموون، بۆ یەكەمجار لەساڵی 1958 لە دانیمارك دۆزرایەوە لەناو ئەو مەیموونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لەساڵی 1970 بۆ یەكەمجار تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا.

ئه‌مساڵ به‌شێك له‌ وڵاتانى ئەفریقا، ئەمریکای باکوور و باشوور، ئەوروپا لەو وڵاتانەن کە ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمارکراوە و زیاتر لە 500 کەس تەنیا لە ئەفریقا بەهۆیەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

عێراق خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی

عێراق خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی "ئاوڵەی مەیمون" ئامادە دەكات