بۆ یەکەمجار
سەندیکا و کۆمەڵەی خانووبەرە لقی لە دهۆک کردەوە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجار و بە فەرمی سەندیکا و کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاری خانووبەرە، لقی لە پارێزگای دهۆک کردەوە، جێگری سەندیکاکەش دەڵێت، “لەئێستادا خەریکی دروستکردنی کارتێکین بۆ هەر نوسینگەیەکی خانووبەرە”.
بینای سەندیکاکە دەکەوێتە شەقامی رەزا لە بازاڕی دهۆک و پێکهاتووە لە چەند بەشێکی وەک، بەشی کارگیری، بەشی ئای تی کۆمپیوتەر، بەشی داتا و ئامار و بەشی پەیوەندی.
ماهر چرانی، جێگری سەندیکای خانووبەرەی لقی دهۆک بە 964ـی وت، “بۆ یەکەمجارە سەندیکای خانووبەرەی لقی دهۆک دەکرێتەوە و لەلایەن ئاسایش و ئیدارەی پارێزگای دهۆک بە فەرمی ناسێنراوە”.
وتیشی، لەئێستادا سەرقاڵی رێکخستن و کۆکردنەوەی ژمارەی نوسینگەکانی خانووبەرەن بۆ دروستکردنی کارتێک بۆیان بە شێوەیێکی فەرمی.
بەوتەی ناوبراو، کارتەکە پێکدێت لە زانیاری دەربارەی ناو و ژمارەی خاوەن نوسینگەکان و هەروەها ژمارەی مۆڵەت و بەرواری بەسەرچوونی مۆڵەتەکە و شوێنی نوسینگەکان.
“تا ئێستا نازانرێت چەند نوسینگەمان هەیە و کارمەندەکانمان خەریکی کۆکردنەوەی ئامار و داتای ورد و راستن، بەڵام بە گشتی، نزیکەی 500 نوسینگەی کرین و فرۆشتنی خانووبەرە لە پارێزگای دهۆک هەن”، ماهر چرانی وای وت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
