كیلۆی 500 دیناری هاتەسەر
تەماتە لە زاخۆ گران بوو
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە بازاڕەکانى زاخۆ، نرخى تەماتە بەرزبووەتەوە و بۆ هەر کیلۆیەک 500 دینارى چووەتەسەر، چاودێریى بازرگانیى زاخۆش دەڵێت، لەبەر ئەوەى کۆتایى وەرزى بەرهەمى تەماتەیە.
بە وتەى میوە و سەوزەفرۆشانى زاخۆ، هۆکارى گرانبوونى نرخى تەماتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بازرگانەکانی ناوەڕاست و خوارووى عێراق راستەوخۆ تەماتە لە جوتیارەکان دەکڕن و بە بارهەڵگر دەیگوازنەوە.
وەک ئەوەى نادر کۆچەر، سەوزە و میوەفرۆش لەناو بازاڕى زاخۆ بە 964ـى وت،”پێش دوو رۆژ نرخى یەک کیلۆ تەماتەم بە 750 دینار کڕیوە و بە هەزار دینار فرۆشتوومەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ یەک کیلۆ تەماتەم بە هەزار کڕیوە و ناچارم بە هەزار و 500 دینار بیفرۆشمەوە”.
964 هۆکارى گرانبوونى نرخى تەماتەى خستە بەردەم بەڕێوەبەرى چاودێریى بازرگانیى زاخۆ، کوڤان ناڤدل لە وەڵامدا وتى،”گرانبوونەکە پەیوەندى بە قۆرخکارییەوە نییە، هۆکار ئەوەیە کۆتایى وەرزى بەرهەمى تەماتەیە و وەرزى باینجانیش وردە وردە کۆتایى دێت و نرخەکەى بەرز دەبێتەوە”.
“هەر ئەمڕۆ لە دهۆک و ناوچەکانی تریش نرخى تەماتە گران بووە، ئەگەر لە شوێنێک تا ئێستا گران نەبووە ئەوا لەم رۆژانى داهاتوودا لەوێش گران دەبێت”، کوڤان ناڤدل واى وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح