دەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت
دوو شەوە لەتیکتۆک پارە بۆ کچێک کۆدەکرێتەوە کە خەریکە هەردوو چاوی لەدەستدەدات
+964
ئەحمەد مستەفا
چاوی راستی کچێک گرێی شێرپەنجە کوێری کردووە، دووشەوە هەرچییان کردووە دەیانەوێت 110 وەرەقەی بۆ پەیدا بکەن تا چاوەکەی دیکەشی کوێر نەبێت و هەرچی زووە نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
هونەرمەند، ڤلۆگەر و کاسبکار ئەوانەی چالاکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوو شەوی رابردوو هەرچییان لە دەستهات کردیان، تا گەیشتن بەوەی پارەکە پەیدا بکەن.
خۆخ یوسف، کچێکی تەمەن 37 ساڵە، لە گوندی خەلیفانی سیدەکان لە ئیدارەی سۆران نیشتەجێیە، چوار ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، کازم یوسفی برای بە 964ی وت، “گرێیەکی شێرپەنجە لە سەرەوەی لووتی دروست بووە و گرێیەکە گەشەی کردووە، بەهۆیەوە چاوی راستی کوێر بووە و ئێستا ترسەکە لەسەر چاوەکەی دیکەیەتی”.
خۆخ باوکی لە ژیاندا نەماوە، دایک و چوار خوشک و دوو برای پێکەوە لە گونددا دەژین، برایەکی پێشمەرگەیە و ئەوانی دیکە جوتیار و کاسبکارن، پێشتر دۆخی بەم جۆرەی وەك ئێستا نەبووە، بەڵام بە گوێرەی دوایین راپۆرتی پزیشکی، دەبێت ژمارەیەک چارەسەری بەپەلە وەربگرێ و ئامادەبکرێ بۆ نەشتەرگەری.
خێزانەکەی ماوەی رابردوو سەیارە و موڵکیان فرۆشتووە، تا وای لێ هاتووە دوو دەفتەر دۆلاریش قەرزداربن، جێگر دۆڵانی کە سەرپەرشتیاری کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ خۆخ دەکات، بە 964ی وت، “چەندجارێک بردراوەتە دەرەوەی وڵات، ئەوەی ئێستا پێویستیەتی پارەیە تا لە هەولێر نەشتەرگەرییەکەی بۆ بکرێت”.
لە دوو شەوی رابردوودا بەكارهێنەرانی تیکتۆک، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هبوو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکەی خۆخ، خەڵک لە ناوخۆ و لە دەروەوە بە دە هەزار دینار و بە پاوەند و دۆلار هاوکارییان پێشکەش کرد، تاو ئەو پارەیەیەی دکتۆر بۆ نەشتەرگەرییەکە داوایکردووە پەیدابوو، بڕیار وایە کەمپینێکیش بۆ دانەوەی قەرزی خێزانەکە بەڕێوەببرێ.