بۆنی مریشک ئاوناوەی گرتووە

بۆن زۆری بۆ هێناون و سێ گوندی پیرەمەگروون دەچنە لای ناحیە

964+
ئەحمەد مستەفا

پاشماوەی کێڵگەیەکی مریشک لە گوندی قەرەچەتان بۆنی بڵاوکردووەتەوە، بە قسەی دانیشتووانی گوندەکانی، (کۆکە، موغاغ و سوسێ )، سبەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون کۆدەبنەوە.

هەفتەیەکە ئەو بۆنە هەستی پێکراوە

ئەمڕۆ شەممە 17.8.2024، بێستوون محەمەد، دانیشتووی موغاغ بە 964ی وت، “بۆنەکە تاوتاوە، بەڵام بە بەردەوامی هەیە نەک لە سنووری قەرەچەتان بەڵکو بۆ ناوچەکان و سنووری گوندەکانی دیکەش هێنراوە، ئەوەی ئێمە دەزانین بە بارهەڵگر پاشەڕۆکان لە کێڵگە دووخراوەتەوە”.

سۆراغی 964 ئەوەی دەرخست، “بەشێک لە پاشەڕۆی کێڵگەکە لە گوندی قەرەچەتان بارکراوە، هێنراوەتە نێوان گوندی سوسێ و موغاغ، ئێستا بۆنەی پاشەڕۆکان بڵاوبووەتەوە و دانیشتووی ئەو گوندان بە بۆنەکەی نیگەرانن”.

بڕیار وایە، سبەی یەکشەممە 18.8.2024 ئەنجومەن و دانیشتووانی گوندەکان بچنە لای بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون، هەوڵەکانی 964 بۆ وەرگرتنی رای بەڕێوەبەری ناحیە بە ئامانج نەگەیشت دەربارەی سەردانی گوندنشینەکان، بەڵام بێستوون محەمەد وتی، “ئەوەندەی زانیاریمان هەیە بەڕێوەبەری ناحیە ئامادەی خۆی دەربریوە بۆ گوێگرتن لێمان چارەسەرکردنی کێشەکە”.

پێشتر، بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون بە 964ی وتبوو، “پێدانی مۆڵەت لەلایەن وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، ژینگە و شارەوانییەوە بەم شوێنانە دەدرێت، کێڵگە پەلەوەرییەکانیش مۆڵەتیان لەو شوێنانە وەرگرتووە”.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنەکە لیژنەیەکی تەندروستیی پیرەمەگروون بە هاوبەشی ئاسایشی ناحیەکە چوونەتە ناوچەکە، “سەردانی کێڵگەکەیان کردووە و بینیویانە کە پاشەڕۆیەکی زۆر لەو شوێنەدا کۆبووەتەوە و بووتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنە”، بە قسەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، “کەمتەرخەمی خاوەنی کێڵگە بووە”.

پاشماوەی دەواجینەکەی پیرەمەگروون بووەتە هۆی بڵاوبوون...

پاشماوەی دەواجینەکەی پیرەمەگروون بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنە ناخۆشەکە