دووەم گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئێرانە

964 ئەشکەوتی سەهۆڵانى رۆژهەڵاتى کوردستانتان پێدەناسێنێت

964+

بژار رەوف

ئەشکەوتی سەھۆڵان یەکێک لە ئەشکەوتە ئاوییە بەناوبانگەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە لە دەڤەری مهاباد ھەڵکەوتووە.

ئەم ئەشکەوتە لە 43 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری مەھاباد و لە نێوان رێگای مەھاباد و بۆکان ھەڵکەوتووە.

دوای ئەشکەوتی عەلی سەدر، دووەم گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئێرانە و ساڵی 2000 لە لیستی شوێنەوارە سروشتییەکانی ئێران تۆمار کراوە.

سەهۆڵان لە دوو بەشی ئاوی و وشکانی پێکهاتووە و دوو رێگای چوونەژوورەوەی هەیە، یەکێکیان سەرەکیی و ئەوەی دیکەشیان لاوەکییە.

بۆ بەشە ئاوییەکەی دەبێ لە رێگای سەرەکیی و بە نزیکەی 20 مەتر بڕۆیتە خوارەوە، هەرچی زیاتریش بچیتە خوارەوە، ئۆکسیجن کەمتر دەبێتەوە.

پێکهاتەی ئەشکەوتەکە بەردی ئاهەکییە، بەرزی بنمیچی ئەشکەوتەکە تا ئاستی دەریاچەکە لە هەندێک شوێن 50 مەترە و قوڵایی ئاوەکەیشی لە 15 مەترەوە دەستپێدەکات و لە هەندێک شوێن دەگاتە 30 مەتر، جیاوازیی پلەی گەرما لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە لە نێوان 10 بۆ 15 پلەیە.

سەهۆڵان یەکێک لە گرنگترین ئەشکەوتە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێشی سروشتی تێدایە کە جێگەی سەرسوڕمانە.
هەر ئەو تایبەتمەندییانەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕۆژانە بە سەدان گەشتیاری ئێرانی و بیانی سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵان و مەهاباد بکەن و ئەمەش سەرچاوەیەکی باشی گەشتیارییە بۆ ناوچەکە.
ئەشکەوتی سەهۆڵان لە نزیک گوندی سەهۆڵان هەڵکەوتووە، خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە ئەو ئەشکەوتە بە “کونە کۆتر” دەناسن، هۆکاری ئەو ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە بە دەیان هێلانە کۆتر هەیە.
بە وتەی شوێنەوارناسان کە لەڕێی چەندین تویژینەوەوە دەریان خستووە، مێژووی ئەم ئەشکەوتە بۆ کۆتاییەکانی سەردەم و چاخی “کرتاسە” دەگەڕێتەوە واتە 70 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.

ساڵی 1890 و بۆ یەکەمجار “ژاک دۆمۆرگان”ـی فەرەنسی توێکاریی شوێنەواریی بۆ ئەشکەوتی سەهۆڵان کرد. پاشان لە ساڵانی شەڕی دووەمی جیهانیدا لەلایەن شوێنەوارناسێکی بەریتانییەوە توێژینەوەی لەبارەوە کراوە و ساڵی 1995 لەلایەن ئەشکەوتناسانی ئێرانییەوە ناسێنراوە و لە رێزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندایە.

پیداچوونەوە: شۆڕش قادرى

ئەشکەوتی چارستینی دهۆک نوێ دەکرێتەوە

ئەشکەوتی چارستینی دهۆک نوێ دەکرێتەوە