ئیشى چییە؟

بۆ یەکەمجار دادنووسى ئێواران لە راپەڕین دەکرێتەوە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى داد بڕیاریداوە بە کردنەوەى دادنوسى ئێواران لە ئیدارەى راپەڕین، قایمقامى رانیەش دەڵێت، دواى دابینکردنى بینا و پێداویستییەکان بەم زوانە دەکرێتەوە.

هیوا قەرەنى، سەرپەرشتیارى ئیدارەى راپەڕین بە 964ـى وت،”بریاری کردنەوەی دادنووسی ئیواران لەلایەن وەزارەتى دادەوە دەرچووە و ئێستا سەرقاڵى دابینکردنى بینا و پێداوستییەکانن و بەم زوانە دەکرێتەوە”.

وەک باسى دەکات، دادنوسى ئێواران بە هەمان سیستمى بەیانیانە و تەنیا مەبەست لێى خزمەتکردنى ئەو هاوڵاتیانەیە کە بەیانیان ناتوانن کارەکانیان بکەن.

دادنوسییەکە لە شارى رانیە دەکرێتەوە و بۆ هەموو هاوڵاتیانى سنوورى ئیدارەى راپەڕینە، ئەوەش یەکەمجارە لە ئیدارەکەدا دادنوسى ئێواران دەکرێتەوە.

فەرمانگەى دادنوس لەسەر ئەمانە کار دەکات:

بريکارنامەى تايبەت

بريکاردەر (الموکل) کەسێک دەکاتە بريکارى (الوکيل) خۆى، بە مەبەستى جێبەجێکردنى کارە ياساييەکانی لە بری خۆى کە لەگەڵ یاسا و دابونەریتەکان بگونجێت.

تۆمارکردنی گرێبەستی کارکردن

تۆمارکردنی گرێبه‌ستێکه‌ له‌ نێوان خاوه‌ن کار، کە لەوانەیە کەسێک یاخود چەند کەسێکی ئاسایی یان مەعنەوی بێت، لەگەڵ کەسێک یاخود چەند کەسێکی ئاسایی یان مەعنەوی، تایبەت بە ئەنجامدانی کارێک، لە گرێبەستەکە، بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لەسەری ڕێک دەکەون، دیار دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود دیارینەکراو.

کۆمپیالە

بەڵگەنامەیەکی یاساییە لە نێوان خاوەن قەرز و قەرزدار بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانی خاوەن قەرز، کە قەرزدار ئامادەی دەکات بۆ خاوەن قەرز.

بريکارنامەى گشتى

بريکاردار (الموکل) کەسێک دەکاتە بريکار (الوکيل)ی خۆى، بە مەبەستی ئەوەی، کە ڕەفتارە ياساييەکانى لە بری ئەنجام بدات.

تۆمارکردنی ئامێرەکان

هەموو ئامێرێک، کە ڕۆژانە بە مەبەستی بەرهەمهێنان لە کارگە و کۆمپانیاکان بەکاردەهێنرێت، وەکو ئامێرە کشتوکاڵی و پیشەییەکان، پێویستە لە دادنوس بڕوانامەی پێبدرێت، لەم بڕوانامەیە ناوی ئامێر و جۆر و چۆنیەتیی بەکارهێنانی بە ژمارەی تایبەت تۆمار دەکرێت، ئەمەش وەک ناسنامەیەک یاخود قەواڵەیەکە بۆ ئامێرەکە.

هۆشداری (انذار)

هۆشداری پێدانە لە لایەن کەسێک یان لایەنێک بە کەسێک یان لایەنێکی تر، بۆ مەبەستێکی دیارکراو، بە مەرجێک هۆشداری پێدانەکە ناو زڕاندنی تێدا نەبێت و لە چوارچێوەی یاسا و دابونەریت دەرنەچێت.

پەسەندکردنی وەرگێڕانی بەڵگەنامەی فەرمی

بریتییە لە پەسەندکردنی وەرگێڕانی ئەو بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتانەی کە لە لایەنێکی فەرمییەوە دەردەچن.

تۆمارکردنی گرێبەستی بەکرێدان

گرێبەستێکە لە نێوان کەسێک یان چەند کەسێکی ئاسایی یاخود مەعنەوی، بۆ بە کرێدانی ماڵێکی گواستراوە یاخود نەگواستراوە. لە گرێبەستەکە بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لە سەری ڕێک دەکەون، دیاری دەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود دیارینەکراو.

تۆمارکردنی بەڵێننامە

تۆمارکردنی بەڵێننامەیەکە، کە کەسێک بە هۆیەوە بە ئەنجامدانی یان ئەنجامنەدانی کارێک یان ڕەفتارێکەوە پابەندی دەکات، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی یاسا و دابونەریتی گشتی دەرنەچێت.

هەڵوەشاندنەوەی مامەڵە دادنوسییەکان

بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مامەڵانەیە، کە پێشتر لە فەرمانگە دادنوسییەکان ئەنجامدراون، لە لایەن یەکێک یان هەموو لایەنەکان، لەبەر هەر هۆکارێک بێت.

دەستەبەری دارایی (کفالة بمبلغ معین)

کەسێک دەبێتە دەستەبەر (کفیل)ی کەسێکی تر لە سەر بڕە پارەیەکی دیارکراو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کەس یاخود لایەنی سێیەم. دەستەبەری دارایی لە فەرمانگەکانی دادنوسی ڕێکدەخرێت.

تۆمارکردنی گرێبەستی هاوبەشبوون

تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان کەسێک یان چەند کەسێکی ئاسایی یان مەعنەوی بۆ هاوبەشبوون لە کارێک یان مافێک. لە گرێبەستەکە، بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لەسەری ڕێکدەکەون، دیاریدەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود دیارینەکراو.

تۆمارکردنی گرێبەستی ڕێککەوتن

تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان کەسانێکی ئاسایی یان لایەنی مەعنەوی، کە تێیدا لەسەر ئەنجامدانی کارێک یان ڕەفتارێک ڕێکدەکەون. لە گرێبەستەکە، بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لە سەری ڕێکدەکەون، دیاریدەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یاخود دیارینەکراو، بە مەرجێک بە پێچەوانەی یاسا و دابونەریتی گشتی نەبێت.

دەستەبەری گلدانەوە (الکفالة الحجزية)

گڵدانەوەی موڵکێک یان سەرچاوەیەکی فەرمی داهاتە لە فەرمانگە دادنوسییەکان بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی فەرمی لەسەر داواکاری ئەو لایەنە.

دانپێدانان بە وەرگرتنی بڕی پارەی کۆمپیالە (هەڵوەشاندنەوەی کۆمپیالە)

فەرمانگەی دادنوسی دانپێدانانی خاوه‌ن قه‌رز وەردەگرێت، کە بڕی تەواوی ئەو قەرزەی لە ئەستۆی قەرزدار بووە و بەپێی کۆمپیالەیەک لە نێوانیاندا ڕێکخراوە، وەرگرتووەتەوە.

هۆشداری و سپاردن (الانذار و الایداع)

ئه‌ستۆى دارایی (ذمة مالیة) که‌سێکه‌ لاى که‌سێکى تر، کە ناتوانێ ڕاسته‌وخۆ پێی بداته‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ى دادنوسه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌که‌ى ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ يان ده‌يپارێزێت. بەهۆى ئەوەى خاوه‌نه‌که‌ى (له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌ يان کێشە لەنێوانیاندا هەیە يان کۆچیکردووه‌ بۆ ميراتگرانى ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌).

تۆمارکردنی گرێبەستی وازهێنان

تۆمارکردنی گرێبەستێکە لە نێوان کەسانێکی ئاسایی یان لایەنی مەعنەوی، کە تێیدا کەسێکیان یان چەند کەسێکیان دان بەدەست هەڵگرتنیان دەنێن لە مافەکانیان. لە گرێبەستەکە، بە چەند خاڵ و مەرجێک ماف و پابەندبوونی هەردوو لایەن، کە لەسەری ڕێکدەکەون، دیاریدەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو یان دیارینەکراو.

پەسەندکردنی مامەڵەکان

په‌سندکردنى هه‌ر مامه‌ڵەيه‌کی دادنوسی که‌ لە ڕابردوودا بۆ دووباره‌ دڵنیابوونەوە و کارپێکردنه‌وه‌ى کراوه‌.

رێکخستنی دەستەبەریی کەسی (تنظیم الکفالة الشخصیة)

کەسێک دەبێتە دەستەبەر (کفیل)ی کەسێکی تر بۆ بەرژەوەندیی کەسێک یان لایەنێک.

هۆشداری لابردنی بريکارنامە

بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ى بريکاردەر یان بریکارە به‌ پوچەڵکردنەوەی ئەو بریکارنامە تايبه‌تییە یان گشتییەی، کە پێشتر، لە نێوانیاندا ئەنجامدراوە.

فەرمانبەرانی دادنوسی کەلار دوو رۆژە بایکۆتی دەوامیان ...

فەرمانبەرانی دادنوسی کەلار دوو رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە