31 کەس لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر شوێنەوار دراونەتە دادگا

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

لە ساڵی رابردوودا، دەستدرێژیی کراوەتە سەر 111 پێگەی شوێنەواریی و 31 کەسیش بەو هۆکارە دراونەتە دادگا، بە قسەی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، جگە لە زیادەڕۆیی کارگەکان بۆ سەر ناوچە شوێنەوارییەکان، 14 شوێنی دیکە دەکەوێتە بەر پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر بۆ تۆڕی 964ی باسکرد، کە رێژەی زیادەڕۆیی بۆ سەر شوێنەوارەکان “زۆر بووە”، ئەو دەڵێت، قەبر هەڵدراوەتەوە و گرد هەڵکۆڵدراوە، پار چەند کەسێکیان داوەتە دادگا بەو هۆکارە.

نادر پێیوایە بەشی زۆری زیادەڕۆییەکان، کارگە پیشەسازییەکانن، داوایان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە کارگەکان لەو شوێنانە دروست نەکرێت، چونکە بە وتەی ئەو دەشتی هەولێر بست بە بستی شوێنەوارە.

بەپێی داتاکانی شوێنەواری هەولێر، بە تەنیا لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری، هەزار و 200 ناوچەی شوێنەواری دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیە 873 شوێنیان لە دەشتی هەولێرە، کە هەریەکە لە دەشتی شەمامک و گوێڕ و قوشتەپە دەگرێتەوە.

لەو ناوچانە شوێنەواری چاخی بەردینی نوێ و شوێنەواری سۆمەریەکان و بابلیەکان و ئاشوریەکان تا سەردەمی عوسمانیەکانی تێدایە.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، روپێویی بۆ %40ی خاکی هەرێمی کوردستان کراوە، لەو رێژەیە پێنج هەزار و 800 شوێنی شوێنەواری دەستنیشانکراون