پڕۆژەى وێستگەی پاککردنەوەى ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر - وێنە؛ حکومەتی هەرێم
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە بڕی 288 ملیۆن دۆلار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
ئیتر لە هەولێر ئاوی قورس ریسایکلین دەکرێت
964+
ژیوار خدر
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ستراتیژی ریسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە بڕی 288 ملیۆن دۆلار لە لایەن ئاژانسی “جایکا”ی ژاپۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆکانی هەولێرە و وابڕیارە لە داهاتووشدا قۆناغی دووەمی بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار دەست پێ بکات.
پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا بە درێژی 75 کیلۆمەتر کار دەکرێت و ئەو ئاوەی لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت خاوێن دەکرێتەوە و بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان بەکاردەهێنرێتەوە، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پڕۆژەکە سیستەمی ئاوەڕۆی هەولێر مۆدێرن دەكات و رێگری دەکات لە تێکەڵبوونی ئاوی پیس بە زێی گەورە و ئاوی ژێرزەوی، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی ژینگە و دابینکردنی ئاو بۆ پشتێنەی سەوزایی دەوروبەری شارەکە.
دەشڵێت، ئەم پڕۆژەیە هەماهەنگییەکی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆنە و سوود لە توانای پسپۆڕانی ئەو وڵاتە وەردەگیرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەپێی پلانەکە جگە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، پڕۆژەکە رێگایەکی سەردەمیانە دەبێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو لە ناوچەکەدا و دەرفەتی کار بۆ چەندین کۆمپانیای پسپۆڕ دەڕەخسێنێت.