مۆنۆمێنتیش دروست دەکەن

ئیدارەی گەرمیان: لە هەوڵی گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان داین

964+

ئەحمەد مستەفا

بۆ گەیاندنی سێ داواکاری رێکخراوەکانی بواری ئەنفال لە گەرمیان سەردانی ئیدارەی شارەکەیان کرد، سەرپەرشتیار جەلال نوری پێی وتوون، “مۆنۆمێنتێک دروست دەکەن و لە هەوڵی گەڕانەوەی رووفاتی ئەنفالکراواندان”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14.8.2024، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەیی بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، لەگەڵ رێکخراوەکانی بواری ئەنفال یەکیان بینی و کۆبوونەوە.

ئیدارەی گەرمیان بڕیاریداوە، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ساڵی 2024 بە بڕی یەک ملیار دینار مۆنۆمێنتێک کە مۆزەخانە و هۆڵ و پێداویستییەکان لەخۆدeگرێت لە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە دروستبکات، چۆمان ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان بە 964ی وت، “رێکارە پێویستەکان بۆ ئەو کارە دەستی پێکردووە”.

لە بارەی گەڕانەوەی رووفاتی ئەلفالکراوانی گەرمیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق، ئەوەی وت، “سەرپەرشتیار بە رێکخراوەکانی وتووە، ئیدارەی گەرمیان لە رێگەی خانمی یەکەمی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە هەوڵدایە بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوەکانیش”.

رێکخراوەکان لە کۆبوونەوەکەدا داوایانکردووە، کار بۆ دۆزینەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان لەگەڵ ناسینەوەیان بکرێت بەپێی پشکنینی (DNA)، لەگەڵ تەواوکردنی رێکارەکانی تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی دراوە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیان سیاسی و راگیراوانی ئەنفال.

هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەنفالکراوانی لە تاوانی ئەنفالدا بە 182 هەزار کەس خەمڵاندووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، لەو تاوانەدا زیاتر لە 100 هەزار کەس زیندەبەچاڵ کران و تائێستاش لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ماونەتەوە و ژمارەیەک رووفاتیش گەڕێندراونەتەوە.

لە ئەنفالی قۆناغی سێی ناوچەی گەرمیان خەڵكێكی زۆر بردرانە نوگرەسەلمان لە سنوری پارێزگای سەماوە زیندانی كران و بەشێكی بەرچاویان هەر لەناو ئەو گرتووخانەیە لەبرسا و لەژێر ئەشكەنجە شەهیدكران و بەشێكی تریشیان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ کران، بەڵام ژمارەیەکی دروست لەبارەی ژمارەی ئەنفالکراوانی گەرمیان بەردەست نییە.

تەنیا دوو وڵات ئەنفالی وەک جینۆساید ناساندووە

تەنیا دوو وڵات ئەنفالی وەک جینۆساید ناساندووە