ئاگر كەوتووەتەوە و كۆنتڕۆڵ نەكراوە

فڕۆکەی جەنگی چەند گوندێکی قەندیلی بۆردومان کرد

+964
محەمەد عەلی ــ پشدەر

چیای کورتەک و دۆڵەبیە لە گوندی باراوە لە قەندیل بۆردومان کران، بەهۆیەوە ئاگر لە دارستانی ناوچەکە کەوتووەتەوە و ئێستاش ئاگرەکەی بەردەوامە.

شێرزاد قەندیلی، هاوڵاتییەکی گوندی یەندزێ رۆژی چوارشەممە 14.8.2014، بە 964ـی وت، شەوی رابردوو فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی چیایی کورتەک و گوندی باراوەیان کرد لە بناری چیای قەندیل، بەوهۆیەوە ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانی سێ گوند کەوتووەتەوە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

روونیشی کردەوە بەهۆی بۆردومانەکەوە دارستان و پووش و پاوانی گوندەكانی ماخۆبزان و باراوە و گرتک، ئاگری گرتووە و زیانی زۆری بەر ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە، چەندین دۆنم دارستانەکە سووتاوە و ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە و بەردەوامە.

سنووری ئەم سێ گوندە بەیەکە بەستراوەتەوە، بۆیە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و بڵاوبووەتەوە، بەهۆی سەختی چیاکانیشەوە نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئۆتۆمبێلی بۆ ناچێت، هەروەها تادێت ئاگرەکە زیاتر دەبێت، شێرزاد قەندیلی وای وت.

ئەم هاوڵاتییە وتیشی، بۆردومانەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ژینگەیی هەبووە، کاتی بۆردومانکردنەکە دەنگی دەهات و ترسی زۆری بۆ گوندنشینانی ناوچەکە دروست کردبوو.

بۆزانیاری زیاتر 964 پەیوەندی بە نەهرۆ عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر کرد، ئەویش پشتڕاستی بۆردومانەکەی کردەوە و وتی زانیاری زیاتر لای ئاسایشە و ئەوان بەدواداچوون دەکەن.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئاسایشی راپەڕینەوە، بەڵام ئامادە نەبوون زانیاری زیاترمان پێبدەن”.