لە ناحیەی قەسرۆکی قەزای شێخان
شوفێرێک لەکاتی ئیش کردندا کەوتە ژێر گرێدەرێک و گیانی لەدەستدا
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
شوفێری گرێدەرێک لە گوندی کوخیێ، لەسەر رێگای دھۆك – باعەدرێ لەكاتی ئیشكردندا گرێدەرەکەی لە دەست دەردەچێت و دەكەوێتە ژێری و گیان لە دەستدەدات.
گەنجەکە دانیشتووی گوندی جوجەری گەورەیە لەسنووری قەزای بەردەرەش تەمەنی 24 ساڵە شوفێری گرێدەرە و کرێکارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2024.8.13، هێمن سلێمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، لە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، گەنجێک کە شوفێری ئامێری گرێدەرە و لەکاتی ئیشکردن و نۆژەنکردنەوەی رێگای گوندی کوخێی، کۆنتڕۆڵی گرێدەرەکەی لەدەستداوە کەوتووەتە ژێری لە رێگای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و لەلایەن پزیشکانەوە پشکنین بۆ تەرمەکە دەکرێ، دوای کۆتایی هاتنی رێکارەکان رادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.
گوندی کوخیێ دەکەوێتە ناحیەی قەسرۆک لەسنووری قەزای شێخان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر