"دەرفەت و کاتیان هەیە"

نەوجەوانەکانی هەولێر بۆ بیرۆکەی بازرگانی راهێنران

964+

ئەحمەد مستەفا

راهێنەرێک چووە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر، تا نەوجەوانە سزادراوەکان فێری دۆزینەوەی بیرۆکە و رێگەکانی دامەزراندنی بازرگانی بچووک بکات.

ئەو راهێنەرە پێی وایە، ئەوان کە لە چاکسازییەکاندا راگیراون کاتیان لە بەردەستە بۆ بیرکردنەوە لە دروستکردنی بازرگانی بچووک.

رێکخراوی Global Jothoor Foundation بۆ (پەرەپێدانی بەردەوام لە عێراق) سیمینارێكی لە باڵەخانەی چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر بۆ بیلال سەعید،  راوێژکار و راهێنەری بزنس و بازاڕگەری رێکخستووە.

هۆبەکانی (هەماهەنگی و بەدواداچوون، منداڵان، گەنجانی پێگەیشتوو، چاودێری پاشینە و هێزی جێبەجێکار) بەشدار بوون، ناونیشانی سمینارەکە (بیرۆکەی بازرگانی و برەوپێدانی ئابووری و بازاڕگەری) بوو.

راهێنەر بیلال سەعید بە 964ی وت، “لە سیمینارەکەدا جەختم کردووەتەوە لە چۆنیەتی دۆزینەوە و پێویستییە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگە و گۆڕینی بۆ بیرۆکەی بازرگانی، هەروەها چۆن بتوانرێ ئەو بیرۆکانە بکەنە بزنسێک و قۆستنەوەی دەرفەتەکان و بەفیرۆنەدانی کاتەکان بەتایبەت ئێستا کە ئەوان لە چاکسازیدان”.

بەڕای ئەو راهێنەرە، “نەوجەوانەکان هەڵ و دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پەرە بە بیرۆکەکانیان بدەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بزنس و کارێکی تایبەت بەخۆیان”. هەروەک دەتوانن سوود لە یەکتر وەربگرن و پاڵپشت و هاوکاری یەکتربن.

لە خانەی نەوجەوانان هەولێر، منداڵ لە تەمەنی یەک رۆژی تاوەکو 18 ساڵی دەمێننەوە و بە نزیکەیی ئێستا 70 منداڵ لە خانەکەدا هەن.

17 مێردمنداڵی خانەی نەوجەوانان دادەمەزرێن

17 مێردمنداڵی خانەی نەوجەوانان دادەمەزرێن