"مەترسی بۆ خوێندنی کوردی دروست دەبێت"
مامۆستایانی خوێندنی کوردی پارەی هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان وەرنەگرتووە
+964
سیروان خورشید – خورماتوو
دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـەی ئامادەیی کە ژمارەیەک مامۆستا چاودێر بوون لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، بۆ ھەر مامۆستایەکی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕی 100 تاکو 150 ھەزاریان بۆ خەرج کرا، بەڵام مامۆستایانی خوێندنی کوردی کە ژمارەیان 75مامۆستایە و بەھەمان شێوە چاودێربوون لەھۆڵی تاقیکردنەوەکاندا، گیروگرفت و کێشەیان بۆ دروستکراوە و ھیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12.8.2024 تارق ئەحمەد، بەرێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی خورماتوو بە 964ـی وت، “ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کێشەکانیان کردووە و چەندین جار سەردانی بەرێوبەرایەتی پەروەردەی سەڵاحەدینیان کردووە، بەڵام بەبیانووی نەبوونی کی کارد و ژمارە وەزیفی، پارەکانیان بۆ خەرج ناکرێت.
وتیشی، ئامادەم لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم بڕە پارەکە بخەنە سەر حیسابەکەی خۆم و بۆیان خەرج بکەم، بەڵام تاکو ئێستا نەگیشتوینەتە ئامانج و کێشەکە چارەسەر نەکراوە، لەهەولیشدان لەماوەی چەند رۆژێکدا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.
دەشڵێت، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئەوە مەترسی بۆ خوێندنی کوردی دروست دەبێت و لەداھاتوودا مامۆستایانی خوێندنی کوردی بەشداریان پێ ناکرێت وەکو چاودێر لە سەر ھۆڵی تاقیکردنەوەکان و ئەمەش دەبێتە مەترسیەکی تریش لەسەر خوێندنی کوردی”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی