رەز و دارەبەن و چوالە
لە نیوەڕۆوە سەرچاوەى بژێوى گوندى قامیش دەسووتێت
964+
رێژوان مامە قادر ـ سلێمانی
لە نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممەوە، باسکی زریزە لەناو گوندی قامیش دەسووتێت و دانیشتوانەکەی دەڵێن، ئاگرەکە لە شوێنێک دەکوژێننەوە و لە شوێنێکی دیکە دروست دەبێتەوە.
بە وتەی رامیار عەزیز کە دانیشتووی گوندى قامیش لە شارباژێر، ئەو باسکە سەرچاوەی بژێویی بەشێکی دانیشتوانی گوندەکەیە، چونکە هەمووی رەز و دارەبەن و چوالە و ترشە و ئاگرەکەش هەمووی سووتاندووە.
وتیشی، “نازانین هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چییە و ئەوەنەیان زانیوە گڕی گرتوو و دانیشتوانی گوندەکەش بۆ کوژاندنەوە و پاراستنی بەروبوومەکەمان هاتوون بۆ کوژاندنەوەی”.
قامیش یەکێکە لە گوندەکانی شارباژێڕ و سەر بە قەزای ماوەتە، نزیکە 40 ماڵ دانیشتوانەکەیەتی و زیاتر پشت بە ئاژەڵدارى و باخدارى دەبەستن بۆ بژێوى ژیانیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح