لە گەلی عەلی بەگ
لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەس کەس بریندار بوون
+964
ئاکام غەفور-سۆران
کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگەی گەلی عەلی بەگ رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و شەش کەس بریندار بوون.
رووداوەکە لە نزیک کانی ماران روویداوە، لە نێوان ئۆتۆمبێلی جۆری بی ئێم دەبلیو و توێتا کامرییەک، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینی بی ئێم دەبلیوکە کە ژن و پیاوێکی خەڵکی خەلیفانن هاوکات لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەریش چوار کەس بریندار بوون، رووداوەکە بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگی هاتوچۆ و داخستنی بەشێکی رێگاکە.
د. حەمرین حەمەدەمین، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی بە 964ـی وت،”شەش برینداری رووداوێکی هاتوچۆ گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان و دوو لە بریندارەکان ژن و پیاوێک بوون، چارەسەری پێویستییان بۆ کراوە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان”.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە بەشێکی سۆشیال میدیاکانی سۆران دەنگۆ هەبوو جگە لەو شەش بریندارە کەسێکیش گیانی لەدەستدابێت، بەڵام بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی رەتیکردەوە و رایگەیاند، تەنها شەش کەس بریندار بوون، لەگەڵ هاتنی ئەو بریندارانە تەرمی ژنێکی بەساڵاچووش گەیەندرایە نەخۆشخانەکەمان کە هیچ پەیوەندی بەو رووداوە نەبوو”.