دوای 38 ساڵ
چی بەسەر بینا سووتاوەکەی ناحیەی سیروان دا دێت؟
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ 38 ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر سوتاندنی بینای قوتابخانەکەی ناحیەی سیروان، کە لە ساڵی 1987 بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێرانەوە بۆردومان کرا و بەهۆیەوە 200 کەس گیانیان لەدەست دا و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ئەو کاتە بینای ئەو قوتابخانەیەیان وەک پەناگەیەک بەکارهێنابوو و سەرجەمی ئەو کەسانەی لەوێدا بوون خەڵکی قەزای خورماڵ بوون.
بیناکە تاوەکو ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە و تەنیا پاک کراوەتەوە و وێنەی چەند شەهیدێکی تیادا هەڵواسراوە، بەڵام پلان هەیە مۆنۆمێنتێکی لێ درووست بکرێت.
هێمن حەمە حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان بە 964ـی وت، ماوەی چەند ساڵێکە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین هەم کەیسەکە وەک جینۆساید بناسێنین و هەمیش شوێنەکە بکەین بە مۆنۆمێنت، بەڵام ئەمساڵ پێدەچێت هەوڵەکانمان ئەنجامیان هەبیت و نزیکین لە رێکەوتن.
بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان روونیشیکردەوە، بڕیارە دوای تەواو کردنی رێکارەکان دەستبکەین بە درووستکردنی مۆنۆمێنتەکە و وتیشی، دەستکاری بیناکە ناکەن، بەڵام لە باخچەی بیناکە مۆنۆمێنتەکە درووست دەکەن.