"سووكایه‌تى به‌ ئیسلام كردووه‌"

ئەوقافی زاخۆ سکاڵاى یاسایی له‌سه‌ر قاسم شه‌شۆ تۆمار كرد

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەوقافی زاخۆ سکاڵاى یاسایی له‌سه‌ر قاسم شەشۆ، یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانى ئێزدییه‌كان تۆمار كرد، به‌ تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى سووكایه‌تى به‌ ئایینى ئیسلام كردووه‌.

سكاڵاكه‌، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته‌ڤیدیۆیه‌ك دێت كه‌ قاسم شه‌شۆ قسه‌ بۆ ژماره‌یه‌ك ئاماده‌بوو ده‌كات و له‌ناو قسه‌كانیدا ده‌ڵێت “تا موحه‌مه‌دییه‌كان مابن، فه‌رمانه‌كان له‌سه‌ر ئێزدییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن”، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ كردوویه‌تى.

ئه‌وقافی زاخۆ كه‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ ده‌بینێت، قسه‌كانى شه‌شۆ به‌ سووكایه‌تى بۆ سه‌ر ئایینى ئیسلام ده‌زانێت و سكاڵاى یاسایی تۆمار ده‌كەن.

نەعیم عەبدولغەفار، بەرێوەبەری گشتیی ئەوقافی زاخۆ بە 964 راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ بۆ هه‌ندێك كارى فه‌رمى لە هەولێر بوون كاتێك ئه‌و گرته‌ڤیدیۆیه‌یان بینیوه‌.

وتیشی “بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی زاخۆى یەکێتی زانایانی ئایینی و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافه‌وه‌ سکاڵامان تۆمارکرد و پێداگرین له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ و رێگە نادەین هیچ کەسێک پێکەوەژیانی هەرێمەکەمان تێکبدات”.

ئه‌وقافی دهۆكیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بێده‌نگ نه‌بووه‌، ئه‌ویش لەماڵپەره‌ فەرمییه‌كه‌یدا ئیدانەی ئەم کارەی کرد و داواشى كردووه‌ رێگه‌ به‌ هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە نەدرێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

مزگەوتێکی کۆنی زاخۆ بە دیزاینێکی نوێ درووست دەکرێتەوە

مزگەوتێکی کۆنی زاخۆ بە دیزاینێکی نوێ درووست دەکرێتەوە