دۆلار کێشەی بۆ قیستی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دروستکردووە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کێشەی بۆ کڕیارانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دروستکردووە لە وەرگرتنەوەی قیستەکانیان. دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بڕیار دەدەین.
تۆڕی964 لە دەستەی وەبەرهێنانەوە دەزانێت، کە لە دانیشتوانی چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون یاداشتیان بۆ هاتووە تا جێگیربوونەوەی نرخی دۆلار قیستەکانیان بۆ رابگیرێت یان نرخەکەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە پێش بەرزبوونەوەی دۆلار و بە دینار بیدەن.
پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بەشێکی زۆری هاوڵاتیان داهاتیان دینارە و لە کاتی کڕینی دۆلار بەم نرخە بۆ گەڕاندنەوەی قیستەکانیان زیانی زۆر دەکەن.
دەشڵێت: ئەم دوو تا سێ هەفتەی تر نرخی دۆلار جێگیر نەبێتەوە “لە دەستەی وەبەرهێنان بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی نیشتەجێبووی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەدەین سەبارەت بە قیستی یەکەکانیان”.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە 195 پڕۆژەدا بە ماوەی 16 ساڵ دروستکراون.