خانەنشینان بە هاوتاکراوى وەرى دەگرن؟
“بەغدا هەفتەى داهاتوو موچەى فەرمانبەران دەنێرێت”
964+
وریا فەتاح
بەپێى رێکارەکان بێت پێناچێت ئەم مانگەش چاوەڕوانى و هیواى خانەنشینان بێتەدى و بە هاوتاکراوى موچەکانیان وەربگرن، هەردوو دیوانى چاودێرى دارایى بەغدا و هەرێمیش کارەکانى خۆیان تەواو کردووە و پێشبینى دەکرێت هەفتەى داهاتوو موچە بێت.
لە رۆژى 21.7.2024ـەوە وەزارەتى دارایى لیستى موچەى مانگى حەوتى 2024ـى رەوانەى وەزارەتى دارایى عێراق کردووە و لیستى موچەى خانەنشینانیش بە هاوتاکراوى رەوانەکراوە.
لیستى موچەى مانگى تەمووز رادەستى بەغدا کرا
سیپان شێروانى ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران بە 964ـى وت،”هەردوو دیوانى چاودێرى دارایى هەرێم و ناوەند کارەکانیان تەواو کردووە و لیستەکان وردبینیان بۆکراوە و بێ کێشەن و ئامادەن بۆ پارەدارکردن، بۆیە پێشبینى دەکرێت تەمویلکردنەکە لە هەفتەى داهاتوو تێنەپەڕێت”.
ئەو باسى لەوەشکرد، لە مانگەکانى رابردوو جارجار بەغدا تێبیى و رەخنەى لە لیستى موچە هەبوو، ئەوەش پەیوەست بوو بە جیاوازى سیستمى حسابى هەرێم و ناوەند کە هەردوو حکومەت دوو نیزامى حسابى جیاوازیان هەبوو ئەمەش لاى بەغدا جێگەى تێبینى بووە.
روونیشى کردەوە، ئێستا هەردوولا بەرەو تێگەیشتنى کۆتایى رۆشتوون لە یەک دوو مانگى داهاتوودا دواى ئەوەى فەرمانبەران هەژمارى بانکیان بۆ دەکرێتەوە، ئەو رۆتینیاتە نامێنێت و چارەسەر دەبێت.
خانەنشینان بە هاوتاکراوى موچەکانیان وەردەگرن؟
خانەنشینانى هەرێم چاویان لەوەیە ئەم مانگە بە هاوتاکراوى موچەکانیان وەربگرن، بەڵام رێکارەکان بەو ئاراستەیەن خانەنشینان ئەم مانگەش وەک پێشتر موچەکانیان وەردەگرن نەک بە هاوتاکراوى.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران لەسەر ئەو بابەتە بە 964ـى وت،”تائێستا بهشێوهیهكی فهرمی وهزارهتی دارایی عێراق و سندوقی خانهنشینی نیشتمانی عێراقی داوای سندوقی خانهنشینی ههرێمییان نهكردووه”.
دەشڵێت، بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان هەرئەوەنییە کە هەرێم لیستی ناوی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بنێرێت و موچەی خانەنشینان دەستبەجێ بەهاوتاکراوی خەرج بکرێت، بەڵکو ئەوەی ئەمە پڕۆسەیەکە کات و وردبینى پێویستە.
964 لێى پرسى ئەم مانگە خانەنشینانى هەرێم بە هاوتاکراوى موچەکانیان وەردەگرن؟، نەرمین مەعروف لە وەڵامدا وتى،”ئێستا لیژنەیەک لە نێوان هەرێم و عێراق بۆ ئەو بابەتە پێکهێنراوە و ماوەى 60 رۆژ دانراوە بۆ ئەوەى کێشەى خانەنشینان چارەسەر بکرێت، ئەنجام و راسپاردەى ئەو لیژنەیەش بڕیار دەدات لە چ مانگێکەوە خانەنشینانى هەرێم بە هاوتاکراوى موچەکانیان وەردەگرن”.
لاى خۆیەوە سیپان شێروانى لەسەر ئەو بابەتە ئەوەى خستەڕوو کە پرسى هاوتاکردنى موچە خانەنشینان تەنیا لەسەر کات وەستاوە، ئەم مانگەش نەبێت مانگەکانى داهاتوو بە هاوتاکراوى خانەنشینانى هەرێم موچە وەردەگرن.
ئەو روونیکردەوە، چونکە یاسای خانەنشینى هەرێم لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە هەڵوەشێنراوەتەوە و کار بە یاساکەى ناوەند دەکرێت، بۆیە هاوتاکردنى موچەى خانەنشینانى هەرێم بووە بە ئەمرى واقع و تەنیا لەسەر کات وەستاوە.
رۆژى 3.7.2024، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پەسەند کرد، ئەوەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ـی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27ـی ساڵی 2006ـێ هەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێى راگەیەنراوێکى پێشوترى وەزارەتى دارایى هەرێم کە لە 3.7.2024 بڵاوى کردووەتەوە، لەمەودوا دەبێت کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانی لە موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122ملیار دینارە.
بە قسەی وەزارەتی دارایی، ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین موچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا موچە و دەڕماڵە نەک تەنیا موچەی بنەڕەتی.
رۆژى 21.7.2024، وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى موچەى مانگى حەوتى رادەستى وەزارەتى دارایى عێراق کرد کە لیستى خانەنشینان بە هاوتاکراوى رەوانەکراوە.