دەرچووانی کشتوکاڵی لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت دادەمەزرێن

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێ، بۆ لەمەودوا هیچ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی کەرتی تایبەت، بەبێ پسپۆڕی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵی ناتوانێت کارەکانی ئەنجامبدات، زیاتر لە 11 هەزار دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵی فۆڕمیان پڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ببنە سەرپەرشتیار.

پڕۆژەکە بۆ هەریەکە لە بوارەکانی، ڕووەكی، ئاژەڵی، كارگەكانی پیشەسازیی خۆراک، حەوزی ماسی، بەهەمهێنانی هەنگوین و قارچك دەگرێتەوە.

تەمموزی ساڵی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵ فۆڕمێکی بڵاوکردەوە بۆ دامەزراندنی دەرچوانی بەشەکانی کشتوکاڵ، دوای دوو مانگ  11 هەزار و 23 کەس، فۆڕمەکەیان پڕ کردوەتەوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی، لەو فۆڕمانەی پڕ کراونەتەوە، چوار هەزاریان لە پارێزگای سلێمانییە و هەزار و 900 فۆڕمیان لە پارێزگای هەولێر و دوو هەزار و 700 لە پارێزگای دهۆک و پارێزگای هەڵەبجە 444 فۆڕم و راپەڕین 700 فۆڕم و گەرمیان 900 فۆڕم و زاخۆ 500 فۆڕم و سۆران 124 فۆڕم بووە.

هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی 964ی وت “لەو فۆڕمانەی پڕکراونەتەوە %76 لە رەگەزی مێینەن و ئەوانەی تر لە رەگەزی نێرن، دەبێت هەموو پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و ڤێرتەرنەری کەسێکی دەرچووی کشتوکاڵی دابمەزرێنێت”.

بە گوتەی هیوا عەلی، ئەو پڕۆژەیە دەرفەت بۆ دانانی خەڵکی وەهمی ناهێڵێتەوە، چونکە لە وەزارەت گرێبەست بۆ ئەو کارمەندانە و خاوەن پڕۆژەکان دەکرێت.

لە ساڵی 2021، یاسای ژمارە 20ی “یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە کەرتی تایبەت” لە پەڕلەمانی کوردستان دەرچوو، بەپێی یاساکە دەبێت پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، دەرچوویەکی کشتوکاڵی دابمەزرێنن بەمەرجێک مووچەکەی لە 350 هەزاردینار کەمتر نەبێت.

لەئێستادا بەشێک لەو دەرچوانە، خول دەبینن و مامۆستیانی بەشەکانی کشتوکاڵ وانەکان دەڵێنەوە، لە کۆتایی خولەکە بڕوانامەی خولی شیاندنیان پێدەدرێت.