"بە زستانان قوڕ و بە هاوینان تەپوتۆز"
دانیشتووانی كۆمەڵگەی كاوە داوای جادەی قیر دەكەن
964+
ئەحمەد شەمزین -هەولێر
دانیشتووانى کۆمەڵگەى کاوە نیگەرانن لە کەمیى خزمەتگوزارى بە تایبەت قیرتاو، وەک خۆیان دەڵێن، لە زستاناندا کێشەى قوڕوچڵپاویان هەیە و لە هاویناندا تەپوتۆز.
ستار حەسەن، دانیشتووى کۆمەڵگەى کاوە بە 964ـى وت، لە هەموو رووێکەوە پشتگوێخراون، نە قیرتاویان بۆ کراوە نە هیچ خزمەتگوزارییەکى دیکەیان بۆ ئەنجامدراوە.
ئەبوبەکر سدیق لە 2013ـەوە ماڵى هێناوەتە ئەو گەڕەکە، بەڵام وەک ئەوەى بۆ 964 باسى دەکات، تائێستا نەتوانراوە کێشەى هاتوچۆ و چاڵوچۆڵى شەقامەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.
لاى خۆیەوە، بژار مەلا خدر قایمقامى قوشتەپە بە 964ـى وت، داواکاریى دانیشتوانى کۆمەڵگەى کاوەیان لە رێگەى پارێزگارى هەولێرەوە گەیاندووە بە ئەنجومەنى وەزیران.
كۆمەڵگەی كاوە لە نزیك قەزای قوشتەپەی سەر بە هەولێرە، لە كۆتاییەكانی 1979 و سەرەتای 1980 لەلایەن حكومەتی بەعس بۆ خەڵكی راگوێزراوی كوردستان دروست كرا، ئێستاش لە دوو بەش پێكهاتووە و نزیكەی 2300 ماڵ دەبن، ژمارەیەكی زۆری كوردانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان و ئاوارەی عێراقیشی تێدا نیشتەجێیە، كە بەشێكی كۆمەڵگەكە كێشە و گرفتیان هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح