نوسراو بکەن
فەرمانبەرانی ماددەی 140 کارتی زانیارییان هەبێ زەوی وەردەگرن
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “له سنووری ماددەی 140، زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دابەشدەكرێت”.
تاکە مەرج ئەوەیە، “ئەو فەرمانبەران هەڵگری کارتی زانیاری ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوور بن”.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 28.7.2024، لە بڵاوکراوەیەکدا ئەوەشی وتووە، “پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكومهتی ههرێمی كوردستان له سنووری ماددەی 140ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت”.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بڵاوکراوەی وەزارەتەکەیدا دەڵێت، “مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد و رايسپاردووین بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدرێت بە پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنیشیانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەڵگری كارتی زانیاريی ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن”.
”نوسراومان ئاراستەی گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی پاڵپشت بە رەزامەندیی سەرۆكی حکومەت، كاری پێویست ئەنجام بدەن بە پێدانی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا”.
بە گوێرەی بڕیارەکە، دەبێت ئەو کەسانە، هەڵگری كارتی زانیاريی ناوچەكانی ماددەی (140) دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانبن و لەگەڵ لیستی وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگاکانی نەبەستراو بە وەزارەت بەرز بكرێتەوە و دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار شوێنی وەرگرتنی زەوییان بۆ لە نزیكترین شوێنی نیشتەجێبوون یان بوونی زەوی بەردەست دەستنیشان دەكات.