بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنی ناوچەکەوە
ئەمساڵ هەنگوینە بەناوبانگەکەی دەڤەری بەرگارەی کەمتر دەبێت
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەمساڵ بەهۆی ناسەقامگیری و چوڵکردنی گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی، بەرهەمی هەنگوینە بەناوبانگەکەی ئەو ناوچەیە کەمتر دەبێت.
نزیکەی مانگێکە رێگای زیاتر لە 10 گوندی دەڤەری بەرگارەی کە پێکهاتوون لە “ گیزێ، بیێ، ردێنی، سارکێ، ئێک مالێ، زێوکا، شێرانە، زێوکا شێخا، کەڤنە مژێ، مژێ، سپیندارا خەلفو و گێرگاش” بۆ ناو گوندەکان لەلایەن هێزەئەمنیەکان راگیرا بوو.
ئەمڕۆ شەممە 27.7.2024 رێگاکە تەنیا بۆ ماوەی 10 کاتژمێر کراوە بوو، خەڵکی ناوچەکەش داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چەند رۆژێک رێگەیان پێ بدەن تا بەرهەمی هەنگوینەکەیان کۆدەکەنەوە و بەشێک لە کەرەستەی ناوماڵەکانیان دەربهێنن.
محەمەد بەرگارەیی، هاوڵاتیەکی دەڤەری بەرگارەیە و خاوەن هەنگە بە 964ـی وت، دوای چەندین رۆژی داوامان کرد، کە رێگەمان پێ بدەن ئەمڕۆ رێگەیان پێداین بچینە گوندەکانیان ، بەڵام داوا دەکەین دوو رۆژی دیکەش زیاد بکەن.
وتیشی، “ئەمڕۆ چووینە گوندەکەمان بۆ دەرهێنانی هەنگوین من 70 هەنگم هەیە و ساڵانە 200 کیلۆ هەنگوین بەرهەم دەهێنم، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دواکەوتنی لێیکردنەوەی هەنگوین و نەسەقامگیری ناوچەکە زیانی زۆرم پێگەیشتووە و تەنیا 100 کیلۆ بەرهەم هاتووە”.
“بەهۆی بەناوبانگی هەنگوینی بەرگارەی، یەک کیلۆ هەنگوین نرخەکەی لە نێوان 70 بۆ 100 هەزار دینارە”محەمەد بەرگارەیی وای وت.
کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، بە 964ـى وت، بەگشتی گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی پێش دەستپێکردنی ئوپەراسیۆنی سوپای تورکیا، بۆ ماوەی 10 کاتژمێر رێگە بە هاوڵاتیان دەدرا سەردانی گوندەکە بکەن، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، نزیکەی مانگێکە هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەداوە خەڵکی گوندەکە سەردانی گوندەکان بکەن بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و شەڕی بەردەوامی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە.
وتیشی، رێگە پێدانەکەی ئەمڕۆش، بە تەنسیقی نێوان حکومەتی هەرێم و سوپای تورکیا بووە و مەبەست لێی ئەوە بووە، کە هەر هاووڵاتیەک شتێکی لە گوندەکەیدا بەجێمابێت، دەریبکات یاخود بۆ گواستنەوەی پورەی هەنگی هەنگەوانانی گوندەکە بووە.
لەدەڤەری بەرگارەی نزیکەی سێ هەزار مێش هەنگ هەیە ،کە هەنگی 100 خێزانی دەڤەری بەرگارەنە و ساڵانە نزیکەی 50 تۆن هەنگوین بەرهەم دێت.
بەپێی ئامارێکی 964 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک وەریگرتووە، ساڵانە لەسنووری پارێزگای دهۆک 127 تۆن هەنگوین بەرهەم دێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی