سەرۆکى شارەوانى دەڵێت"سجنمان کردوون"

شارەوانیى هەڵەبجە 100 مانگاى دەستبەسەرکرد

964+

وریا فەتاح

شارەوانیى هەڵەبجە 100 مانگاى دەستبەسەرکرد کە لە کوچە و کۆڵانەکانى شاردا بەڕەڵاکرابوون، سەرۆکى شارەوانیش دەڵێت، خاوەنەکانیان بەبێ سزا دەربازیان نابێت.

سەلام بیلال، سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە بە 964ـى وت،”پاش گلەیی و گازاندەیەکی زۆری هاوڵاتیان و بێزاربوونیان بەهۆی بوونی ئاژەڵی بەڕەڵا لەناو کۆڵان و شەقامە گشتییەکان و زیانگەیاندن بە دارودرەختی باخچەکانی ناوشار، ئەمڕۆ 100 مانگامان دەستبەسەرکرد.

دەستبەسەرکردنى مانگاکان لەلایەن ستافی بەشی زیادڕۆیی، بە هاوکاری بەشی پۆلیسی شارەوانی هەڵەبجە ئەنجامدراوە.

سەلام بیلال باسى لەوەش کرد، ئێستا مانگاکان لە شوێنێک دەستبەسەرکراون، ناچارن ئاو و ئالیک و کا بە مانگاکانیش بدەن، نەک هەر ئەوە ناچارن شوێنەکانیشیان پاک بکەنەوە.

خاوەن مانگاکان ئەمجارە بەبێ سزاى پێبژاردن بۆى دەرناچن، لیژنەى پێبژاردن لەلایەن شارەوانییەوە دیاریکراوە، کە وەک سەلام بیلال باسى دەکات، لە نوێنەرى یاسایى و ژمێریارى و خەڵکى شارەزا پێکدێت و سزا بەسەر خاوەن ئاژەڵەکاندا دەسەپێنن.

“دواى ئەوەى لیژنەى غەرامە سزاکەى دیاریکرد و خاوەن مانگاکە پسوڵەى پێبژاردنەکەى وەرگرت و سزاکەی دا، دەتوانێت مانگاکەى وەربگرێتەوە”، سەرۆکى شارەوانیى هەڵەبجە واى وت.

ئیدارەى سۆران هەڕەشە لە خاوەن مانگاکان دەکات

ئیدارەى سۆران هەڕەشە لە خاوەن مانگاکان دەکات