“ لە کەمپی شاریا بوون”
زیاتر لە 150 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە شەنگال
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
ئەمڕۆ زیاتر لە 150 خێزانی ئاوارەی شەنگال لە کەمپی شاریا لە رۆژهەڵاتی دهۆکەوە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە قەزای شەنگال.
ئەمە لەکاتێکدایە مامەڵەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە بەرواری 10.7.2024 راگیرا بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە کەموکوڕی هەبوو و کۆمەڵێک خێزانی زۆر لە شوێنێکی بچوکدا نیشتەجێکراون.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ دوای 10 ساڵ لە ئاوارەیی 157 خێزان لە کەمپی شاریاوە گەڕانەوە بۆ شەنگال، ئەو خێزانانە پێش بڕیاری راگرتنی گەڕانەوەی ئاوارەکان مامەڵەکانیان تەواوکرابوو.
وتیشی، هەموو ئەو خێزانانە لە بەرامبەر گەڕانەوەیان بڕی چوار ملیۆن دینار مینحەیان بۆ دابینکراوە و وەریانگرتووە.
بەڕێوبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک روونیشیکردەوە، ئێستا بڕیاری گەڕاندنەوەی ئاوارەکان راگیراوە، بەهۆی ئەوەی خەڵک هەبووە چوار ملیۆنەکەی وەرگرتووە و لە کەمپەکە ماوەتەوە و نەگەڕاوەتەوە، هەروەها بڕیارەکە تەنها بۆ خێزانەکانی ناو کەمپ بووە و ئەوانەی دەرەوەی کەمپی نەگرتووەتەوە بۆیە پێموانبووە بڕیارەکە دادپەروەرانە نیە و ئێستا کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاوتر دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی کە تا ئێستا لێرە ماونەتەوە.
تاوەکو ئێستا نزیکەی 10هەزار خێزانی ئاوارە لە سنووری دهۆک، ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ گەڕانەوە بۆ شەنگال و لەم ژمارەیەوە نزیکەی هەزار و 500 خێزان گەڕاونەتەوە و نزیکەی 23 هەزار و 600 خێزانیش لە کەمپەکاندا ماون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر