لە هەریر
ماسیفرۆشێک بە گۆرانی وتن بازاڕی خۆی گەرم کردووە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
گەنجێکی هەریر بە شێوەیەکی جیاواز ماسی دەفرۆشێت و دەنگی خۆی تۆمار کردووە بە ناو کوچەوکۆڵانەکانی هەریردا دەگەڕێت، بە زمانی ناوچەکەی خۆی بانگ دەکات و دەلێت،“ئەز دبێژم لێلێ ماسی، ماسی ماسی لێ ماسی، ماسیێ بەحر و روبارا سێ کیلۆ پێنج هەزارە، دکتۆرە بێژە بێژە ماسیا بخۆن بە چێژە، تەبیبا بێژە بێژە سودا ماسیا بڕێژە.
سەروان سەردار، ئەو گەنجە ماسی فرۆشەیە و باسی ئەوە بۆ 964 دەکات کە جۆن ئەو بیرۆکەیەی بۆ هاتووە و دەڵێت،”لەگەڵ باوکم دانیشتم و وتم با بە شێوەیەکی جیاواز کاسبی خۆم بکەم و شتێک بکەم تایبەت بە خۆم بێت، باوکم ئەو شعرەی بۆ نوسیم و منیش کردم بە گۆرانی و دوو هەفتەیە بەم شێوەیە ماسی دەفرۆشم”.
وتیشی، دوو ساڵ دەبێت ماسی دەفرۆشم هیچ کاتێک بە قەد ئێستا بازاڕم باش نەبووە، خەڵک هەیە ماسیم لێ دەکڕێت دەڵێت ماسی هەر ناخۆم بەس لەبەر ئەو گۆرانییە لێت دەکڕم و بەم شێوەیە بازاڕی خۆم گەرم کردووە و رۆژانە نزیکەی 150 کیلۆ ماسی دەفرۆشم.
ئەو ماسی فرۆشە خەڵکی بالیسانە بەڵام لە هەریر ماسی دفرۆشێت، رۆژانە لە زێی قەندیل و دەربەندی رانیە ماسی دێنێت لێرە دەیفرۆشێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی