دژە تیرۆر ناهێڵێت دۆلار بڕوات بۆ ئێران
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
بۆ رێگریکردن لە بردنی دۆلار بۆ ئێران، حکومەتی عێراق هێزی دژە تیرۆر لە دەروازە سنوورییەکان جێگیر دەکات.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە کە هێزی دژە تیرۆر لە دەروازە سنوورییەکان جێگیر بکات وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئێران.
ئاژانسی رۆیترز دەڵێ: بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گوشاری ئەمریکا بووە.
ئاژانسەکە کە مێک پێش ئێستا بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بڵاوکردۆتەوە، باس لەوە دەکات کە دژە تیرۆری عێراق، ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆرستییەکانە، بەڵام ئێستا بۆ کارێکی جیاواز دەبردرێنە سنوورەکان.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوەوە، نرخی دۆلار ناجێگیرە و فشارەکانی بانکی ناوەندی نیۆیۆرک بۆ سەر بانکی ناوەندی عێراق بەردەوامە، لەبەرامبەر بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئێران.
ئەم گوشارانە نرخی سەد دۆلاری ئەمریکی گەیاندە 168 هەزار دینار و دراوی عێراقی %10ی بەهای خۆی لە دەستدا.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە ماڵپەڕی ۆڵ ستریت جۆڕنالی ئەمریکی راگەیاندبوو، دوو ساڵە عێراق ئاگادار کراوەتەوە، کە ناردنی دۆلار بۆ عێراق سنووردار دەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستادا بانکی ناوەندی نیۆیۆرک کەمتر لە %80ی رێژەی پێشوو دۆلار بۆ عێراق دەنێرێت.