تا نەمریت سۆنەرت بۆ ناکەن

+964

 مریەم ئەحمەد – هەولێر

 لە نەخۆشخانەی رزگارییەکەی هەولێر بەهۆی خواستی زۆر و کەمی گرتنی تیشکی سۆنار، وای لێهاتووە مەگەر لەسەر قەرەوێڵە بیت سۆنارت بۆ بگرن.

پەیامنێری تۆڕی964 سەردانێکی مەیدانی هەردوو راوێژکاری نەخۆشخانەی رزگاری و فریاکەوتنی رۆژهەڵاتی کردووە کە بە تەنیشت یەکەوەن.

لە راوێژکارییەکەی رزگاری نرخی پلیت تەنیا 500 دینارە، بەو پارەیە دکتۆری پسپۆڕییە جیاوازەکان دەبینی و چارەسەریش وەردەگری، بەڵام لە هەمان راوێژکاری، ئێوارەکەی نرخی پلیت پێنج هەزار دینارە کە ئەمە ساڵانێكی زۆرە وەک سیستمی سیمی پڕایڤیت لە نەخۆشخانە حکومیەکان پەیڕەو دەکرێت.

لە بەیانییەکەیدا، رۆژانە سەرووی هەزار نەخۆش سەردان دەکەن، ئەوەی جێی سەرنجە کە نەخۆشەکان دوای پشکنین کە سەردانی دەرمانخانەی نەخۆشخانەکە دەکەن، بە گلەیی و گازاندەوە نەخۆشخانەکە جێدەهێڵن بەهۆی نەبوونی بەشێکی زۆر لە دەرمانە جیاوازەکان، بەو پێیەی نەخۆشخانەکە پزیشکی راوێژکاری هەموو جۆرە نەخۆشییەکی لێیە.

پەیامنێری تۆڕی964، سەرنجی ئەوەشیدا کە لە بەشی تیشک، بە تایبەت سۆنار، گرفت هەیە و خەڵک ناڕازیین و دەڵێن مەگەر لەسەر قەرەوێلە بیت و لەسەرە مەرگ بیت، ئینجا سۆنارت بۆ بکەن.

تۆڕی964، سۆراغی ئەو قسەیەی خەڵکی کرد، دەرکەوت کە لە بەشی سۆنارەکەی رزگاری رۆژانە تەنیا پێنج سۆنار بۆ نەخۆش دەگیردرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە 50 کەس لە نۆرە وەستاون کە پزیشکی پسپۆڕییە جیاوازەکان لەسەر پسوولەکەی نەخۆش، نووسیویەتی پێویستی بە سۆنارە.

ئەوەی جێی سەرنجە، لە هەمان نەخۆشخانە و لە هەمان بەشدا، ئێوارەکەی کە سیمی پڕایڤتە و نرخەکەی کەمێک گرانترە، چەند سۆنارت بوێت، بۆت دەگیردرێت.

ئەو نەخۆشانەی پەیامنێری تۆڕی964 قسەی لەگەڵ کردوون، دەڵێن: ئەگەر واستەت هەبێت ئەوا سۆنارت مسۆگەرە و بێ نۆرە گرتن دەچیتە ژوورەوە، بەڵام ئەگەر واستەت نەبێت، ئەوا وەک دار لەبەردەم دەرگای پزیشکی سۆنار وشک بیتەوە، چاوت بە سۆنار ناکەوێت مەگەر ئێوارەکەی نەبێت.

پەیامنێری تۆڕی964 باس لە پاکوخاوێنی نەخۆشخانەکە دەکات، دەڵێ: بەردەوام کارگوزارەکان ناو مەمەڕەکانیان پاک دەکردەوە، لەمەدا بۆ نەخۆشخانەیەکی وەها قەرەباڵگ، ئەوا مەمەڕەکان زۆر پاک بوون.

‎نەخۆشێک کە قسەی بۆ پەیامنێری تۆڕی964 کردووە دەڵێ: ئەگەر دکتۆر پێنج دەرمانت بۆ بنووسێت، لە دەرمانخانەکە تەنیا دوو دانەت دەدەنێ و دەڵێن، ئەوانی دیکەمان نییە.