تیمی گەرمیان و زاخۆ دامەزران
رێكخراوێكی ئەڵمانی پێداویستی بەرگریی شارستانیی هەولێر دابین دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە رێوڕەسمێكدا رێكخراوی هاوکاری تەکنەلۆژی ئەڵمانی (THW)كەلوپەل و پێداویستی بەرگریی شارستانی بەسەر تیمەكانی رزگاركردن و وەڵامدانەوەی خێرا لە هەولێر دابەش كرد.
بە پێی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی سێشەممە 2024.7.23، ئاژانسی رێکخراوی هاوکاری تەکنەلۆژی ئەڵمانی (THW) بە هەماهەنگى ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCCى وەزارەتی ناوخۆ، لە پێناو پێشخستنی سیستمی بەرگریى شارستانى، لە رێورەسمێکدا لە پەیمانگای بەرگریی شارستانی هەولێر، کەلوپەل و پێداویستی بەرگریی شارستانی بەسەر تیمەکانی رزگارکردنی بەرگریی شارستانیی هەولێر و تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی دابەشكرا.
لە لای خۆیەوە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بڵاویكردەوە، ئەو كارە بە هەماهەنگی ئەوان لەگەڵ رێكخراوە ئەڵمانییەكە هاتووەتە بەرهەم، ئاماژەیان بەوەش كردووە ناوەندەكەیان بەو هاوبەشییەی توانیویەتی پێنج تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران، دابمەزرێنێت.
هەروەها ئاشكرایان كردووە هەر دوێنێ، هەردوو تیمی گەرمیان و زاخۆ دامەزران، کە تێیدا راهێنانی تەواو بۆ تیمەکە و کەلوپەلی پێویست و سەیارەکانی تایبەت بە تیمەکەش پێشکەش کران، جگە لەوە تیمێکی رزگارکردنی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی، بە ئەزموون و کەلوپەلی نێودەوڵەتی و پێشکەوتوو راگەیاندرا.