کەی بەهار سەردانی کردوون
گەشتوگوزای هەرێم دەیەوێت سینەماکاران کوردستان بکەن بە ناوچەی کارەکانیان
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و دەرهێنەر و سینەماکاری کورد (کەی بەهار) یەکیان بینی، دەستەکە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “ئەمەل جەلال وتوویەتی هانی سینەماکارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدەن کوردستان وەک لۆکەیشنی کارەکانیان بە کاربهێنن”.
لە یەکتر بینینەکەدا، بڕیاردراوە کەی بەهار بە هەماهەنگی گەشتوگوزار لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆوە کار بکات بۆ ئاشناکردنی سینەماکارانی کورد و نێودەوڵەتی بە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەکارهێنانیان وەک شوێنی وێنەگرتنی کارە سینەماییەکان.
لە بڵاوکراوەکەیدا، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە، “سینەما فاکتەرێکی بەهێزە بۆ زیاتر هاندانی گەشتیاران بۆ سەردانیکردنی ئەو شوێنانەی، کە لە فیلمەکاندا نمایش دەکرێن، بەو پێیەی کوردستان وڵاتی شارستانیەت و مێژوو و سرووشتە، بۆیە هانی سینەماکارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەدەین کە کوردستان وەک لۆکەیشنی کارەکانیان بەکاربهێنن”.
هاوکات ئەمەل جەلال ئامادەیی تەواوی دەستەی گەشتوگوزاری دەربڕیوە بۆ هەر هەماهەنگیەک کە ببێتە هۆی زیاتر رەنگدانەوەی کوردستان لە بەرهەمە سینەماییەکان و ئەوەی دووپات کردووەتەوە، “دیمەنی سروشت و شوێنەوارە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان لە فیلمەکان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر راکێشانی سەرنجی گەشتیاران”.
کەی بەهار، نووسەر و سینماکارێکی کوردە، خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانيیە لە بواری فیلمسازیدا و بە زمانی ئینگلیزییش رۆمانێکی نووسیوە، هاوکات سەرۆکی کۆمسیۆنی (Kurdistan Film Commission )ە.