تەنیا 10 قوتابی دەرچوون
قوتابییەكی پۆلی شەش لە دوزخورماتوو: زوڵمم لێكراوە و سبەی پەڵپ دەگرم
+964
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
قوتابییەكی دوزخورماتوو پێی وایە زوڵمی لێكراوە و بڕیارە سبەی پەڵپ بگرێت، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردییش لە قەزاكە دووپاتی دەكاتەوە قوتابییەكە زوڵمی لێكراوە، ئاشكراشی دەكات تەنیا 10 قوتابی لە دوزخورماتوو دەرچوون.
فێنک جەمال خوێندکاری پۆلی شەشی ئامادەیی کە پێیوابووە لەسەر ئاستی خورماتوو پلەی یەکەم بەدەست دێنێت، شۆک بووە کە نمرەکانی بۆ ھاتووەتەوە و کۆنمرەی 87 بووە.
فێنک جەمال، بە964ـی وت، ئەو ھەموو ساڵێک یەکەم بووە و ھیچ کەمتەرخەمی نەبووە و رۆژانە زۆرینەی کاتەکانی بە خوێندن بەسەر بردووە.
وتیشی، خوشکەکانی کە مامۆستان ھەردەم پاڵپشتی بوونە لەپێداچونەوەی وانەکان، و دەڵێت “سبەی (پەڵپ) تۆمار دەکەم و داواکارم لایەنی پەیوەندیدار بە زووترین کاتدا بێنەسەر خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەم، بەو پێیەی ھەموو ساڵەکان یەکەمی سەر ئاستی خورماتووم ھێناوە”.
فەرەیدون قادر سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە خورماتوو بە 964ـی وت، “ئاگاداری دۆخی قوتابییەكەین و دەزانین زوڵمی لێکراوە و لەهەوڵداین لە سبەیەوە بەدواداچون بۆ کێشەكە بکەین”.
بە وتەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە خورماتوو، لە کۆی 108 قوتابی، کە بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردووە تەنیا 10 قوتابی دەرچوون و بەو پێیەش بێت لە 9.25% ئاستی دەرچوون ھەبووە لە قەزاکەدا، ئەمەش رێژەیەکی کەمە هەرچەندە بەشێک لە قوتابییەكان تاقیکردنەوەکانیان بۆ خولی دووەم دواخستووە.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشی ئامادەیی لەسەر ئاستی قوتابخانەكانی عێراق و خوێندنی كوردی لە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری راگەیاند.
پێداچوونەو: ئەرسەلان عەبدوڵا