"لە هەشت کاتژمێردا 900 نەخۆش داغڵکراون"

ئەو دکتۆرە چی وتووە وا نەخۆشخانەی هیوا روونکردنەوە بڵاودەکاتەوە؟

964+
ئەحمەد مستەفا

بڵاوکراوەیەک لە پەیجێک بە ناوی پزیشکێک و لەژێر ناونیشانی، “بانگەوازێكی بەپەلە بۆ خەڵكی كوردستان، تكایە فریای خۆتان و ئازیزانتان بكەون”، بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات، “لە ماوەی هەشت کاتژمێردا 900 نەخۆش لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی داغڵکراون”.

مەبەستەکەی ئەو دکتۆرە رێژەی زیادبوونی شێرپەنجەیە، بەڵام نەخۆشخانەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە زاری بەڕێوەبەرەکەیانەوە، “قسەکانی ئەو دکتۆرە رەت دەکەنەوە دەشڵێن، ئەو کەسە دکتۆری ئەوان نیە و قسەکانیشی بە هەڵە کردووە”.

پزیشکەکە کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردووەتەوە، ئەوەشی نوسیووە، “بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە داھاتوویەكی نزیكدا شێرپەنجە وەك ھەڵامەتی لێدێت و ھەموو ماڵێك دەگرێتەوە”.

ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی ئەو قسانەدا، نەخۆشخانەی هیوا لە زاری بەرێوەبەرەکەیانەوە یاد نەقشبەندی روونکردنەوەیەکی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە سەرجەمیان ھەڵەن و پەیوەندی بە نەخۆشخانەی ھیواوە نییە و ھیچ بنەمایەکی زانستییان نیە”.

ئەوەشی وتووە، “ئەو هەواڵانەی بە ناوی دکتۆرەیەک لە چەند پەیج و سایتێک بڵاوكراوەتەوە لەسەر داتا و ئاماری شێرپەنجە، سەرجەمیان هەڵەیە و رەتیدەکەینەوە”.

هەواڵەكە لە پەیجێكی تۆڕی فەیسبووك و لە ژێرناوی پزیشکێک بڵاوكرایەوە و تیایدا دەڵێت، “وەرن تەماشای نەخۆشخانەی ھیوا بکەن کە دوێنێ تەنیا لە ماوەی هەشت کاتژمێردا 900 نەخۆش داغڵکراون و زۆرێکیشیان تەندروستییان باش نییە”.

لە روونكردنەوەكەدا یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، “ئەو پزیشکە هیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشخانەی هیواوە نیە”.

داتای نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2023 چۆنە؟

د.محەمەد عەبدولوەهاب بەرپرسی کۆنتڕۆڵی هۆبەی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بە 964ی وت، ئاماری ساڵی 2023 لەگەڵ ساڵی پار شتێکی ئەوتۆی جیاواز نییە، ساڵی 2022, تەنیا 66 کەیسی شێرپەنجە لە ساڵی 2023 زیاترە تۆمارکراوە.

بەوتەی د.محەمەد عەبدولوەهاب بەتێکڕا لە مانگێکدا نزیکەی 90 هەزار کەس سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن، تەنیا نەخۆشانی شێرپەنجە نین، نەخۆشانی پسپۆڕیەکانی خوێنیش سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن.

ماڵێکی بەخێر داناوە بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا

ماڵێکی بەخێر داناوە بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا