بە شێوازی ئۆنڵاین دەبێت
22 هەلی دامەزراندن لە قەزای دوکان رادەگەیەندرێت
964+
ژێوار خدر
ئەمڕۆ یەکشەممە قایمقامییەتی قەزای دوکان، لە ڕیگەی بڵاوکراوەیەکەوە 22 هەلی دامەزراندنی بە شێوەی گرێبەست، بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی ووزەی کارەبای دوکان راگەیاند.
لە فۆرمێکدا کە قایمقامیەتی قەزاکە بڵاوی کردووەتەوە، وێستگەی کارۆئاوی دوکان پێویستی بە 22 کارمەند هەیە بۆ بەشەکانی بە چەند پسپۆڕی و بڕوانامەیەکی جیاواز.
بەپێی بڵاوکراوەکە دامەزراندنەکە تەنیا بۆ هاوڵاتییانی ناوەندی قەزای دوکان هەردوو ناحیەی سورداش، خەلەکان و گوندنشینانی سنوری قەزاکەیە و پێویستە کەسی ئارەزوومەند لە رەگەزی نێر بێت، جگە لە یەک کارمەند کە بۆ کاری خزمەتگوزاری پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەردوو رەگەز دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەم کارە و پێویست بە بڕوانامە ناکات، هەروەها دەبێت کەسەکە هەڵگری یەکێک لە بڕوانامەکانی (بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری میکانیک، کارەبا و ئای تی، دبلۆم لە تەکنیکی میکانیک و کارەبا، ئامادەیی پیشەیی لە میکانیک و کارەبا، بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی نا پیشەیی بۆ چوار کارمەندی حەرفی، بێ بڕوانامە بۆ یەک کارمەندی کارگوزار) بێت.
یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە، نابێت کەسی پێشکەشکار پێشینەی تاوانی هەبێت و بە تاوانی ئابڕووبەر سزا درابێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە پشتگیری لایەنی پەیوەندیدار دەبێت، موچەخۆری حکومەتیش مافی نییە داواکاری پێشکەشکردنی نییە و تەمەنی دیاریکراویش لە نێوان 20 ساڵ بۆ 30 ساڵیدایە بۆ هەموو پسپۆڕییەکان.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە ئەم وەرگرتنە بۆ دامەزراندنە بە شێوەی گرێبەستی ساڵانە و کەسی پێشکەشکار پێویستە بەڵگەنامەی تەواوی هەبێت بۆ ئەو زانیاریانەی کە لە فۆڕمەکەدا هەڵیدەبژێرێت یان دەینوسێت .
ئەو کەسانەی وەردەگیرێن زانیاری و بەڵگەنامەکانیان بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی دامەزراندن و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای دوکانەوە راهێنانی پێویستیان پێ دەکرێت .
”ماوەی وەرگرتنی فۆڕمەکە حەوت رۆژ دەبێت لە رێکەوتی راگەیاندنیەوە، پڕکردنەوەی فۆرمەکەش بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت و بەهیچ جۆرێک سیڤی بە دەست وەرناگیرێت،” قایمقامییەتی قەزای دوکان وادەڵێت.
هەرکەسێک ئەو مەرجانەی تێدایە دەتوانێ لە رێگای ئەم لینکەوە فۆرمەکە پڕ بکاتەوە.