"ئەمە دووەم جاریەتی"

لە خەبات شۆفڵێک دوو ئۆتۆمبێلی وێرانکرد

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، رووداوێکی نامۆی هاتوچۆ لەناو پیشەسازی خەبات روویدا، “شۆفڵێک ئیستۆپی نەماوە و کۆنتڕۆڵی لە دەستدا، سەرئەنجام خۆی کێشا بە دوو ئۆتۆمبێلدا”.

ئەم رووداوە پێشینەی هەیە و بەقسەی هاتوچۆی خەبات، “هەمان شۆفڵ پێش 20 رۆژ هەمان رووداوی بەسەر هاتووە”.

هەردوو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی لە رووداوەکەی ئەمڕۆ پێ کراون، یەکێکیان لە جۆری ئەڤیۆی تایبەت و ئەوەی تر شۆفرلێت ئۆپترایە، یەکێکیان بە بەشی پشتەوەی ئەوەی دیکەیان بە بەشی پێشەوەی زیانیان پێ گەیشیووە، کە لە نزیک ئەو ناوچەیە راگیراون و شۆفڵەکەش لەوێ بووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21.7.2024، ئەحمەد تاهر، رێپێدراو لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی خەبات بە 964ی وت، “رووداوەکە لەناو پیشەسازی خەبات روویداوە و شۆفڵێک کەوا ئیستۆپی نەماوە، و خۆی کێشاوە بە دوو سەیارەدا بەتایبەت ئۆتۆمبێلی جۆری شۆفرلێتی لەناو بردووە و زیانی زۆری پێگەیاندووە”.

وتیشی، “رووداوەکە هیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، چونکە هەردوو ئۆتۆمبێلەکە راگیرابوون و شۆفێری تێدا نەبووە، دوای لێکۆڵینەکانی ئێمە وەکو هاتوچۆ بۆمان دەرکەوت ئەمە جاری دووەمە ئاوا رووداو ئەنجام دەدات هەمان شۆفڵ و جاری یەکەمیش لەهەمان شوێن بووە کە رووداوەکە بۆ پێش 20 رۆژ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە”.

باسیلەوەشکرد، “ئەمەی ئەمرۆ روویداوە لەهەمان شوێن بووە و خاوەنی ئۆتۆمبێلە شۆفرلێتەکە داوای 85 وەرەقەی کردووە و خاوەن شۆفەرەکە پێیداوە، هەروەها خاوەن ئۆتۆمبێلی ئەڤیۆ رازی بووە ئۆتۆمبێلەکەی بۆ چاک بکرێتەوە”.

“هەر ئۆتۆمبێلیک جارێک بەم شێوازە رووداو ئەنجام بدات و سوڵح بکەن ئاساییە، بەڵام جاری دووەم و بەهۆی نەبوونی ئیستۆپی ئۆتۆمبێل رووبدات، وەکو هاتوچۆ لەگەڵ خاوەن شۆفڵەکە لێکۆلینەوەی یاسایی دەکەین بەهۆی ئەوەی کەمتەرخەم بووە لە لێخورینی شۆفڵەکەی بەبێ رێکخستنی ئیستۆپ”، ئەحمەد تاهر وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕەتەقەکەی خ...

ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕەتەقەکەی خەبات بڵاوکردەوە