وەستانی پرۆژەیەکی ئاژەڵ هەزار کەسی لە هەولێر بێکار کردووە
964+
شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
ماوەی نزیکەی سێ مانگە کارەکانی پڕۆژەی گۆڕەپانی ئاژەڵانی “هەولێر دوو” راگیراوە و خاوەنی فرۆشگەکانی نێو پرۆژەکە بێکار ماونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خاوەنی دوکان و فرۆشگەکانی نێو پرۆژەکە چوونە بەردەم باڵەخانەی پارێزگاری هەولێر و داوای دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە دەکەن.
جەلال سوارە خەیلانی یەکێکە لە خاوەن پشکەکانی پرۆژەکە، بە تۆڕی 964ی راگەیاند: داواکاری ئێمە ئەوەیە ئەم گۆرەپانەمان بۆ بکرێتەوە، چونکە ئێمە ناتوانین پشک بکڕین لە گۆرەپانەکەی دیکە، ئێمە ساڵانە ملیۆنێک و دووسەد هەزار دەدەین بەبێ هیچ پێشەیەک.
پڕۆژەی گۆڕەپانی ئاژەڵانی هەولێر دوو، دەکەوێتە نێوان ناوچەی دارەشەکران و بەستۆرە لە هەولێر، جگە لەم مەیدانە شوێنێکی دیکەی فرۆشتن و سەربڕینی ئاژەڵ هەیە لە هەولێر، بەڵام خاوەنی پشکەکانی ئەم پرۆژەیە دەڵێن، بەو شوێنە رازی نین و دەبێت نزیکەی 16 هەزار دۆلار بدەن و ساڵانەش دوو ملیۆن دینار بدەن.
فەیسەڵ خەیلانی خۆپیشاندەرێکی دیکەیە، ئەو بە تۆڕی 964ی وت: ئەم گۆڕەپانە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی لێیە و زۆرباشە بۆ ئێمەی کاسبکار، داواکاری ئێمە ئەوەیە ئەم گۆڕەپانەمان بۆ بکرێتەوە و ئێمەش کاری خۆمانی تێدا بکەین.
پڕۆژەی گۆڕەپانی ئاژەڵانی هەولێر لەسەر رووبەری 500 دۆنم زەوی دروستکراوە و نزیکەی 500 مەیدانی بەخێوکردنی ئاژەڵی تێدایە و نزیکەی هەزار کەس بە کڕینی دوکان و فرۆشگەکان بوون بە خاوەن پشک.