هه‌م دۆست و هه‌میش دوژمنى ژینگه‌یه
“قەلەباچکە باڵنده كوژ و دروستكه‌رى سه‌وزاییه”
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
قەلەباچکە، یەکێکه لەو باڵندانەی کە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە زیادکردن رووپۆشی سەوزایی لە شاخەکان، ئەویش بە شاردنەوە و بن خاک کردنی تۆوی درەختەکان، به‌ڵام زه‌ره‌ر و زیانیشی بۆ ژینگه هه‌یه.
ژماره‌یه‌كی زۆر له ناوچه جیاوازه‌كانى هه‌رێمی كوردستان ده‌بیندرێت، كه له هه‌ندێك شوێن به باڵندەی قەلانجە ناسراوه.
تەیمور حه‌سه‌ن غه‌فور، پسپۆڕى زینده‌وه‌رزانى و خوێندکاری دیبلۆمی باڵا له كۆلیژى زانستى زانكۆى سلێمانى، ئه‌م گرته ڤیدیۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه و هه‌ردوو لایه‌نه باش و خراپه‌كانى ئه‌م باڵنده‌یه‌ش بۆ 964 ئاشكرا ده‌كات.
ته‌یمور ده‌ڵێت، لەم ڤیدیۆیەدا بە روونی دەبیندرێت کە باڵندەکە هەوڵدەدا بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بۆ شاردنەوەی تۆی بادامێک و پاش دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بە پوش و لقەدار دایدەپۆشێت.
ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، رەنگە ئەمە رەفتارێک بێت لە زیندەوەراندا تا خۆراکەکانی خۆیان بشارنەوە و دواتر بیخۆن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە زۆرێک لەم تۆوانە لەبیردەکرێن و لە وەرزی نوێ‌دا سەوزدەبن.
له‌باره‌ى زیانه‌كانى ئه‌م باڵنده‌یه‌ش بۆ ژینگه، باس له‌وه‌ده‌كات كه قه‌له‌باچكه باڵنده‌یه‌كه، حه‌زناكات له‌سنووره‌كه‌یدا هیچ باڵنده‌یه‌ك هێلانه‌ى هه‌بێت به‌وهۆیه‌وه زۆر له باڵنده‌كانى دیكه له‌ناو ده‌بات.
له‌باره‌ى زیانه‌كانى بۆ میوه‌ش، باس له‌وه‌ده‌كات كه “زیان به چه‌ندین جۆرى میوه ده‌گه‌یه‌نێت له‌وانه‌ش هه‌نار و گوێز و خۆخ و قه‌یسی و چه‌ند میوه‌یه‌كى دیكه، چونكه خواردنى له‌سه‌ر ئه‌م جۆره میوانه‌یه”.