بۆ ماوەی 10کاتژمێر

سبەینێ رێگای گەلیێ لە دهۆک دادەخرێت

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری دهۆک لە ئەشکەوتی چارستین، سبەی بۆ ماوەی 10 کاتژمێر رێگای سەرەکی گەلیێ لە دهۆک دادەخرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دهۆک راگەیاند، سبەی رۆژی یەکشەممە 21.7.2024 لە کاتژمێر 6ی بەرەبەیانی تاوەکو کاتژمێر 4ی ئێوارە رێگای سەرەکی گەلیێ لە دهۆک دادەخرێت، هاوڵاتیان دەتوانن رێگای سەرەکی بێسرێیە بۆ ناو گوندەکانی دەورووبەری بەنداوی دهۆک بەکاربێهنن.

د.بێکەس بێسفکی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلوپەلی کەلەپوری لە دهۆک بە 964ـى وت، بەهۆی کارکردن لە ئەشکەوتی چارستن و بڕێکی زۆر پاشماوەی کەرستەی بیناسازی سبەی کرێکاران دێنە خوارەوە لە شاخ و بارهەڵگرەکان لەسەر جادەی سەرەکی دەوەستن و پاشماوەکان کۆدەکرێنەوە و تا ئێوارە کارەکان تەواو دەبن.

وتیشی، سەبارەت بە ، 97%ی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەشکەوتی چارستن تەواو بووە و هەندێک کاری بچووکیش ماوە, نزیکەی ساڵێکە کاری تێدا دەکەین، سەبارەت بە کارەکانیش وتی، ئەو شەقامەی دەچێت بۆ چارستین کە درێژییەکەی یەک کیلۆمەترە کۆنکرێت دەکرێت، هەروەها رووناکی بۆ شوێنەکە دادەنرێت، هاوکات بەپێی رێنماییەکانی شوێنەواریش رووناکی دەبردرێتە ناو ئەشکەوتەکە.

“%20ـی پڕۆژەکە لە لایەن پارێزگای دهۆکەوە پاڵپشتی دەکرێ و رێکخراوی ILO جێبەجێی دەکات و ئێمە سەرپەرشتی دەکەین” د.بێکەس بێسفکی وای وت.

964دەزانێت، ئەشکەوتی چارستین لە دهۆک لە لایەن رێکخراوی یونیسکۆ و یەکێتی ئەوروپاوە بە گوژمەی 731 هەزار دۆلار نۆژەن دەکرێتەوە .

ئەشكەوتی چارستین شوێنەوارێکی دێرینە لە پارێزگای دهۆک، پێکهاتووەو لە ئەشکەوت و پەرستگایەکی چوار ئەستوونی کە زەردەشتییەکان وەک پەرستگا بەکاریان هێناوە.

پێداچوونەوە: میدیا گۆران